ئێران هەڕەشە لە گرۆسی دەكات
  2025-06-19       3548       

لێدوانێكی تازەی رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، بەرپرسانی ئێرانی توڕە كردوەو عەلی لاریجانی، گەورە راوێژكاری خامنەیی دەڵێت، ئێستا كاتی نییە، رۆژێك دێت حەق و حسابی لەگەڵ دەكەین.

ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، گروسی وتویەتی، "ئێمە هیچ بەڵگەیەكمان لەسەر هەوڵی سیستماتیك(ی ئێران) بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەبوە."

بەقایی وتوشیەتی، ئاغای گرۆسی ئەم دانپێدانانە درەنگە، تۆ ئەم راستییەت لە راپۆرتە لایەندارانەكەی خۆتدا شاردەوە، راپۆرتەكەت لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكاوە خراپ بەكارهێنرا تا بڕیارنامەیەكی لە ئاژانسەكە پێدەربكەن پشت بەست بە بانگەشەی بێ بنامەی پابەندنەبونی ئێران.

وتوشیەتی، هەمان بڕیارنامە دواتر بوە پاساوی كۆتایی بۆ ئەوەی رژێمی زایۆنی هێرش بكاتە سەر ئێران و هێرشی نایاسایی بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئایا دەزانیت چەند ئێرانی بێ تاوان لە ئەنجامی ئەم جەنگە كوژراون یان برینداربون؟ ئەمەیە پێودانگی هەڵسەنگاندنی بەرپرسێكی نێودەوڵەتی.

جەختیشی كردۆتەوە، ئاغای گرۆسی، راپۆرتی گومڕاكەر، لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت، بۆیە دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵگبریت. تۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمت كردە شەریكی ئەم شەڕە ناعادیلانەیە.

هەورەها عەلی لاریجانی، گەورە راوێژكاری خامنەیی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا لەبارەی لێدوانەكەی گرۆسی وتی، وڵاتانی خۆراوا بەدوای ئەوەوەن كە هەژمونی خۆیان بەسەر ئێراندا بسەپێنن، بەدوای ئەوەوەن كە شكۆی نەتەوەیی ئێران بشكێنن، ئەگەر خۆشیان دەزانن و ئەمڕۆش ئاغای گروسی كە لەمبارەیەوە زۆر خراپ رۆڵی گێڕا، لە چاوپێكەتنێكدا وتویەتی، ئێمە ئاگادارین كە ئێران بەدوای چەكی ئەتۆمییەوە نییە. كەواتە بچی ئەو راپۆرتەی پێشتری بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دا، ئێستا كاتی نییە لەوبارەیەوە قسەبكەین، بەڵام رۆژێك دێت هەق و حسابی لەگەڵ دەكەین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×