ئۆجەلان: پێویستە تورکیاو کورد پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت ببێتە زلهێزێکی باڵادەست لەناوچەکەدا
  2025-06-19       1065       
ئۆجەلان - نەتانیاهۆ

ئا: ئاوێنە

 

عەبدوڵا ئۆجەلان، رەخنە لەیەپەگەو هەسەدە دەگرێت کە پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە هەیە، دژایەتی خۆی بەرامبەر بەئیسرائیل رادەگەنێت‌و دەڵێت "ئەمەریکا خوازیارە هەژمونی ئیسرائیل بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بکات‌، بەپێی ستراتیژێکی پێنج قۆناغیی، سێ قۆناغی یەکەم، غەززە، لوبنان، سوریا، کۆتایی هات، دوو قۆناغی دیکە ئێران‌و تورکیان، ئیسرائیل دەیەوێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ستراتیژییە کورد بەکاربهێنێت، بۆیە پێویستە تورکیاو کورد پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت ببێتە زلهێزێکی باڵادەست لەناوچەکەدا".

 

سەرۆکی ئینستیتیوتی کوردی لۆزان، نەجات زانیار، کۆنووسی کۆبوونەوەی ئیمرالی بەرواری ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ی بڵاوکردەوە، کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران مانگ‌و نیو دوای ئەم کۆبوونەوەیە دەستی پێکرد.

ئۆجەلان لەکۆبوونەوەکەدا ٢٦ جار ناوی ئیسرائیلی بەنەرتێنی هێناوەو ئەم تێبینیانەی خوارەوەی دەربڕیوە:

"ئیسرائیل دەیەوێت کورد بباتە لای خۆی، بۆ ئەمەش لەئێستادا تەنیا خەمی نەهێشتنی منە، قەندیل لەعەقڵی دروستی خۆیدا نییە بۆ ڕێگریکردن لەم کارە. لەڕووی شوێنەوە، قەندیل لەژێر کاریگەری ئێراندایەو هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لەژێر کاریگەری ئیسرائیلدان. تەنها من دەتوانم ڕێگری لەم کارە بکەم. من پێیدەڵێم پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا....".

 "تورکیا دەچێتە ناو پڕۆسەیەکی دیموکراتیزەکردنی گەورەوە، بەمەش باڵادەستی ستراتیجی بۆ تورکیا دەبێت، ئایا پێویستە باڵادەستی ستراتیژی بدەین بەئیسرائیل؟! کورد پەیوەندی لەگەڵ هەر لایەنێکدا دروست بکات، ئیسرائیل، ئێران، باڵادەستی ستراتیژی بۆ ئەویان دەبێت، ئێمە دەڵێین وڵاتەکەمان تورکیایە، ئێمە لەگەڵ ئەمەدا مامەڵە دەکەین".

"ئێمە کورد نافرۆشین، پێویست ناکات بوترێت: خیانەتی کردو ستاتۆیەکی بەسەر کورددا سەپاند، نەخێر! ئیسرائیل پێیان دەگوتم دیمەشق بەجێبهێڵە، هەرچیت بوێت دەیدەین، ئەوان دەیانگوت ئێوە هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، دەیانگوت چیت لێمان دەوێت؟ لەساڵی ١٩٨٢ەوە، بۆچی ئەم گەنجانە لە دژی ئێمە بەکاردەهێنیت؟ ٣٠ ساڵە ئیسرائیل بەنهێنی بەڵێنی دەوڵەتمان پێدەدات، دەڵێن ئیسرائیلی دووەم، ئیسرائیلی دووەم هی من نییە".

"بۆ من گەورەترین سوودی ئەم شوێنە (ئیمرالی) ئەوەیە کە دوورە لەکایەی کاریگەریی مۆساد".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×