ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کەناڵی کۆمەڵە ڕایگەیاند، بنبەستەکانی کۆماری ئیسلامی نەک تەنها لە ئاکامی ئەو شەڕە، بەڵکو لە ئەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی دەمێکە خەریکە کۆمەڵگای ئێران لە خاڵێکی وەرچەڕخانی مێژوویی نزیک دەکاتەوە. ئەم وەرچەڕخانە دەتوانێ هەم بە باری چاکدا بسوڕێتەوە و هەم بە باری خراپدا.
ئاوێنە: عەلیزادە دەڵێت، دەتوانین و دەبێ ئەم وەرچەڕخانە بە باری چاکدا بسۆڕێنین. لەم پێوەندیەدا چەند خاڵێکی گرنگ هەیە کە نابێ هەرگیز لە یادیان بکەین، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێویستە ئەو ڕاستیە بزانن و ئەزموونی هەموو جیهانیش ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئازادی، یەکسانی، ژیانی ئاسوودە، ئەمنیەت و ئاسایش، دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە هەموو ئەو شتە باشانەی کە ئاواتیانین، ئەوانە خەڵاتێک نین کە زلهێزەکانی ئەو سەردەمەی ئێمە لە دەرەوەڕا بۆمان بە دیاری بێنن و لە سەر کەشەفی زێڕین پێشکەشمان بکەن. ئەمانە بە دەست نایەن مەگەر بە دەست و مشتی خۆمان، بە خەباتی خۆمان، بە ژیری خۆمان و بەکارهێنانی فرسەتەکان نەبێت. لەوانەیە ئەوان ئەو ڕژیمەش بڕووخێنن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نەک بۆ ئێمە بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاری دەکەن و بەرژەوەندی ئەوانیش لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو یەک نییە. نموونەی لیبیا و ئەفغانستان و سووریا. بۆ ئێمە ڕزگاری بەو واتایانەی کە باسمان کرد، بە بێ کاری وشیارانە و ڕێکخراو و جەماوەری بە دامەزراوە، نابێ، سەقامگیر نابێت.
هەروەها سکرتێری کۆمەڵە دەڵێت، نە خەڵکی کورد و نە هیچ خەڵکێکی تر، بە خەباتی خۆڕسک، بێ بەرنامە، بێ ئامانجی ڕۆشن، بێ وشیاری، بێ ڕابەری جێی متمانە، سەرکەوتنی پایەدار و جێکەوتوو بە دەست ناهێنێت. سەرهەڵدان و ڕاپەڕین و شۆڕش لە کوردستان دەتوانێ ئەو پێویستیانەی خۆی دابین بکات، ئەوە بەس نییە کە بڵێین ڕژیم لاوازبێت. دیارە ئەوە مەرجێکی زۆر گرنگە، بەڵکو پێویستە بچین بەرەو ئەوەی کە ئەو توانایە بەهێز بکەین. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەو قینە و تووڕەیی و بێزاری ڕەوایەی کە لە ناو دڵ و دەرونی خەڵکی ئەو وڵاتەدا پنگی خواردووەتەوە، وایان لێ بکات کە هەستەکان بە سەر عەقل و هۆش و تەجروبەماندا زاڵ بن و نەتوانین لە فورسەتەکان بە باشی کەڵکوەربگرین. کاری سەرکەوتن دژوارتر و سەرکەوتن دوورتر دەکەینەوە. لەم بارەوە باوەڕ بە ئەزموونی کۆمەڵە بکەن کە لە کوانەی خەباتێکی ٥٠ ساڵە و زیاتریش هاتووەتە دەرێ، بە ڕاستگۆیی و سەداقەت لە گەڵ خەڵک ناسراوە، بێگومان هەلەکان و فورسەتەکانیش دەناسێت و لە دەستیان نادات.
ڕاشیگەیاند، پێکهاتنی بۆشایی دەسەڵات، بە هۆی ئەم بارودۆخەی کە هاتووەتە پێش چاوەڕوان کراوە. ئەو بۆشایە پێویستە، بە هێزی جەماوەڕ پڕ بێتەوە. نەورۆزی ئەمساڵ و نەورۆزی ٤٦ ساڵ لەوەپێش، ئەو زەرفیەتەمان پێ نیشان دەدات. ٤٦ ساڵ لەوەپێش بە دوای ڕووخانی ڕژیمی شا کە بۆشایی دەسەڵات لە کوردستان پێکهات، ئەو بۆشایەی بە دەستی جەماوەر بە خێرایی پڕکرایەوە. شوورای شار و دێهاتەکان پڕیان کردەوە. لە شاری سنە ئەزموونی بنکەکانمان دیت کە بە ڕێکوپێکترین شێوە ژیانی خەڵکیان ئیدارە کرد. ئەمساڵ لە ڕێو ڕەسمەکانی جەماوەری کە بە بیانووی نەورۆز و بۆ ماوەی دوو مانگ لە هەموو کوردستان بەڕێوەچوو، گەشەی کۆمەڵگای مەدەنی، توانای خۆڕێکخستن، ژیری کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانمان لە ئاستی جەماوەری دا بینی. بێگومان سبەی ڕۆژ و بە پێکهاتنی بۆشایی دەسەڵات ئەو تواناییانە دەتوانێ بکەوێتە کار و بە خێرایی شووڕای گەڕەک و دێهات، شوورای کارگە و کارخانە، شوورای شار، بنکەی زەحمەتکێشان و هەر دامەزراوێکی مەدەنی کە نوێنەرایەتی دەنگ و ئیرادەی خەڵک بکات جێگەی دامەزراوە حکوومەتیەکان بگرنەوە. ڕێگە مەدە کوردستان ببێت بە مەیدانی خۆنواندنی هێزی چەکداری ئەم حیزب و ئەو حیزب. هێزی چەکداری ئەوەندەی کە پێویست بێت، لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دامەزراوانەدا بێت کە بە ئیرادەی خەڵک دیاری کراون.
ئیبراهیم عەلی زادە هۆشداریش دەدات، دەزانم خەڵک بۆ ئازادی ئامادەی فیداکارییە، بەڵام وا ڕەفتار بکەین کە دەمانەوێت بەرهەمی ئەو ئازادیە هەموان بیچێژین. هەر بۆیە دەبێ خۆمان لە هەر چەشنە کارێک بپارێزین، ڕاپەڕین نەکەین و وریای بانگەوازی نابەوەختی ئەم و ئەو بین. دەمەوێت دووپات بکەمەوە کە هەر چەشنە سەرهەڵدانێک، ئەگەر ئاگاهانە نەبێت، ئەگەر ڕێکخراو نەبێت، ئەگەر ئامانجی کۆمەڵایەتی ڕۆشنی نەبێت، چارەنووسی نادیارە. ئێمە نامانەوێت کۆمەڵگا بەرەو چارەنووسی نادیار بەرین.
وتیشی، ئێمە دەزانین کە بە بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، دەسکەوتێک ئەگەریش بۆ ماوەیەکی کاتی بە دەست بێت، پایەدار نابێت. کە وایە خەباتی خەڵکی کوردستان پێویستە هاوئاهەنگ لەگەڵ خەباتی سەراسەری لە هەموو ئێران بەرەو پێش بچێت و پشتیوانی خەڵکی هاوپەیمان و هاوچارەنووس لە هەموو ئێران بۆ خۆی بسۆڕێنێت و خۆشی پشتیوانیان بێت. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دیمەنێکی درەوشاوەی ئەو هاوپەیمانیە بوو. لە کوردستانی شۆڕشگیرەوە سەری هەڵدا و بانگەوازەکەی لە هەموو ئێران وەڵامی وەرگرتەوە و لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە.