رۆیتەرز: لەماوەی ئەم چەند رۆژەی شەڕدا، عراقچی و ویتكۆف چەند جارێك بەتەلەفۆن قسەیان كردوە
  2025-06-19       699       

ئاژانسی رۆیتەرز، لەزاری سێ سەرچاوەی دیپلۆماسییەوە بڵاویكردۆتەوە، لەماوەی ئەم چەند رۆژەی شەڕدا، ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكاو عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند جارێك بەتەلەفۆن قسەیان كردوە ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەكە.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری ئەو سێ سەرچاوەیەوە بڵاویكردۆتەوە كە عەباس عراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئێران ناگەڕێتەوە بۆ دانوستان تا ئەو كاتەی ئیسرائیل هێرشەكانی رادەگرێت كە لە 13ی ئەم مانگەوە دەستیپێكردون.

بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكانیاندا، عراقچی و ویتكۆف، بەكورتی قسەیان لەبارەی ئەو پێشنیارە ئەمریكییەوە كردوە كە لە كۆتایی مانگی ئایار خراوەتە بەردەست تاران و تێیدا پێشنیاری دامەزراندنی ناوەندێكی ناوچەیی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە دەرەوەی خاكی ئێران كراوە، ئەوەش ئەو پێشنیارەیە كە تاوەكو ئێستا تاران رەتیكردۆتەوە.

بەپێی قسەی یەكێك لە سەرچاوەكان كە نزیكە لە ئێرانەوە، عراقچی بە ویتكۆفی وتوە، دەكرێت تاران نەرمی پیشان بدات لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەیدا ئەگەر واشنتۆن گوشار لە ئیسرائیل بكات بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.

یەكێكی دیكە لە سەرچاوەكان كە دیپلۆماتكارێكی ئەوروپییە بە رۆیتەرزی وتوە، عراقچی بە ویتكۆفی راگەیاند، ئیران ئامادە بگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەكان، بەڵام تا ئیسرائیل بەردەوام بێت لەسەر بۆردومانەكانی، ئێران ناتوانێت ئەو كارە بكات.

سەرچاوەی سێیەم كە سەرچاوەیەكی ناوچەییە، بە رۆیتەرزی وتوە، گفتوگۆی تەلەفۆنی یەكەمی نێوان ویتكۆف و عراقچی بە دەستپێشخەری واشنتۆن بوەو تێیدا پێشنیارێكی نوێی بۆ تێپەڕاندنی بنبەست و هێڵە سورە دژبەیەكەكانی دانوستانەكان خستۆتەڕو.

پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاكی ئێران یەكێكە لە خاڵە جێناكۆكەكان نێوان تاران و واشنتۆن، ترەمپ دەیەوێت ئێران كۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاكەكە بهێنێت، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران جەخت لەوەدەكاتەوە كە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم جێی دانوستان نییە.

بڕیارە سبەی هەینی، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا بۆ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ كۆببنەوە.

سەرچاوەكان بۆ رۆیتەرز ئاماژەیان بەوەداوە كە ئێران لە دۆخێكدا نییە رێگەی پێ بدات دانوستانی ئاشكرا لەگەڵ ئەمریكا بكات، بەڵام كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوی ئێران لەگەڵ سێ وڵاتە ئەوروپییەكە وەك ئەڵقەیەكی پەیوەندیی بۆ بەرەپێشبردنی دیپلۆماسییەت، زیاتر واقیعییە بۆ تاران.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×