هۆشیار زێباری: بڕیارەكەی بەغدا سیاسیە و لێكەوتەی دەبێت
  2025-06-01       383       

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەوانەیە کێشەی تەکنیکی هەبێت بەڵام دروستكردنی قەیرانی دابینکردنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم کاتە تایبەتەدا سیاسییە و بە پێچەوانەی دەستورە، بێ گومان لێکەوتەی دەبێت.

ئاوێنە: هۆشیار زێباری، لە پەیامێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، بەرژەوەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار چییە لە دروستكردنی قەیرانی دابینکردنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم کاتە تایبەتەدا، كە وڵات بەرەو هەڵبژاردنی نیشتمانی دەڕوات؟".

دەشڵێت، "لەوانەیە کێشەی تەکنیکی هەبێت، بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی بڕیارێکی سیاسییە، پێچەوانەی دەستورە و بە شێوەیەکی نایاب پلانی بۆ دانراوە و بێ گومان لێکەوتەی دەبێت".

ئەوە لەكاتێكدایە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جارێكی دیكە گرژی تێكەوتەوە و بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق كە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوكرایەوە،  حکومەتی هەرێمى ئاگادارکردوە كە ناتوانێت موچەی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێم بنێرێت، چونكە هەرێم پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندوە.

لەوەڵامدا فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە، ئەو بڕیارە بە ئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستوری عێراقە و و داوایان لە سەرۆک وەزیران کردوە دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مافی هاوڵاتیان نەبەستێتەوە بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە.

لایخۆیەوە مه‌كته‌بی سیاسی پارتییش لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حکومەتی فیدڕاڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و دوا پێشلکاریشی نوسراوەکەی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتە، 

وتیشی، "ئەگەر تا پێش جەژن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جددیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×