سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نیازە لە ڕێی پێدانی قەرزەوە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتیی چارەسەر بکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە محەمەد شیاع سوودانی بەنیازە بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بەو مەرجەی پارەکە وەک قەرز بدرێتە هەرێم و پاش پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پارەکە لە پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی هەرێمی کوردستان، وەربگیرێتەوە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە سوودانی دەیەوێت لەڕێی چەند کەسایەتییەکەی کاریگەرەوە قەیرانەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
ئەم قەیرانە نوێیە دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەریهەڵدا کە بە بیانووی تەواوبوونی پشکی هەرێم، مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت.