وەفدێكی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان بەرەو دیمەشق بەڕێككەوتن، بڕیارە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حكومەتی راگوزەری سوریا كۆببنەوەو تاوتوێی جێبەجێەكردنی بەندەكانی رێككەوتنەكەی 10ی ئازاری ئەمساڵ بكەن.
ئاوێنە: نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، وەفدێكی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان بەرەو دیمەشق بەڕێككەوتن بەگوێرەی میدیای رۆژئاوای كوردستان، وەفدەكە پێكدێن لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی كە رۆژی 12ی نیسان پێكهێنرا.
ئەوەش خراوەتەڕو، سەردانەكەی وەفدەكەی ئیدارەی خۆسەر بۆ دیمەشق، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكاندایە بۆ تاوتوێكردنی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنی 10ی ئازار كە لەنێوان فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشقدا ئیمزاكرا.
سەردانەكە، دوای سێ دیداری هەماهەنگی دێت كە لە رۆژانی 19ی ئازار، 12ی نیسان و هەفتەی رابردودا لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچون.
چاوەڕوان دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدەكەی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق كۆببنەوە.