2025-05-31   572     
جێگری سەرکی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، کێشەی مووچە دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت و دەشڵێت: هیوادارم لە نزیکترین ماوەدا لەگەڵ پارتی بگەین بە رێکەوتنی پێکهێنانی حکومەت.
ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، پەیوەندیی و هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، نەک تەنها بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و ریفۆرم لە حکومڕانی کوردستاندا گرنگە.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، یەکێتی و پارتی لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ حکومڕانی رێککەوتوون و هیوای خواست لە نزیکترین ماوەدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا و جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە کێشەکان و بە تایبەتیش کێشەی بودجە و موچە، جەختیکردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە و لەمبارەیەوە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی نێوان لایەنە کوردستانییەکانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێویست زانی.