ئامارێکی مەترسیداری تووشبوون بە شێرپەنجەى منداڵان ئاشکرا دەکرێت
  2024-02-15       360       

لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەى شێرپەنجەی منداڵان لە سلێمانى مەراسیمێک بەڕێوەچوو، بریکاری وەزارەتى تەندروستی هەرێمیش ئاشکرای کرد لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەشت هەزار منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، ئەو ئامارەشی بە مەترسی ناوبرد.

ئاوێنە: ١٥ی شوبات بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی منداڵان ناسراوە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا چالاکی جۆراو جۆر بەڕێوە دەچێت و ڕێنمایی و هۆشیاری بڵاو دەکرێتەوە بەمەبەستى کەمکردنەوەى ژمارەى تووشبووانى ئەو نەخۆشییە.

ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی هەریەک لە منداڵ پارێزی کوردستان و  بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سلێمانی و سەنتەری ژیانەوە و نەخۆشخانەی هیوا مەراسیمێکیان بەبۆنەى ڕۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەى شێرپەنجەى منداڵان ڕێکخست.

مەراسیمەكە بەئامادەبوونی لێپرسراوانی تەندروستی لەبەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان و پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەنەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە بەرێوەچوو بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەبارەی شێرپەنجەی منداڵ.

لەو مەراسیمەدا د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتى تەندروستى هەرێم ڕاگەیاند: نەخۆشی شێرپەنجی منداڵان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٢٠٠ منداڵ تووشی شێرپەنجە بوون، لەجۆری گرێ توندەکانن کە تووشی دەبن.

بریکاری وەزارەتى تەندروستى  ئاشکراشی کرد، لەماوەى ١٠ ساڵی ڕابردوودا تائێستا هەشت هەزار منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و لە هەردوو نەخۆشخانەى هیوا و نانەکەلی چارەسەریان وەرگرتووە.

د. ڕەهێڵ فەرەیدون باسی لەوەشکرد، ئەو ئامارە مەترسیدارە و بەردەوام زیاد دەکات، بەڵام ئامارەکە لەژێر ستانداردی جیهانییەوەیە لە هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×