مەندەلاوی: یاسایەكی نوێ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەردەكەین
  2024-02-16       448       

موحسین مەندەلاوی رایدەگەیەنێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی نوێی تایبەت بە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەردەكات.

ئاوێنە: موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی ئێستای ئەنجومەنەكە، بە وەكالەت رایگەیاند، بەپێی هەموو بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنەكان، سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە ئاستێكی زۆر بەهێز و پێشكەوتوودان و، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری وڵات، پێویستیان بە هیچ هێز و لایەنێكی تر نییە، بەو هۆیشەوە لە ئێستادا عێراق پێویستی بە هیچ هێزێكی بیانی نییە بۆ پاراستنی.

وتیشی، هێرشە بەردەوامەكانی ئەمریكا لە ناو خاكی عێراق و كردنە ئامانجی كەسایەتییەكان، پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغداد، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوورە لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، بۆ ئەو مەبەستە لە چەند هەفتەی داهاتوودا یاسایەكی نوێ لەسەر ئەو پرسە دەردەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×