سۆران عومەر: مووچە فەوتاوەکان دەدرێتەوە و تەواوی فەرمانبەرانیش هەژماری بانکییان بۆ دەکرێتەوە
  2024-02-22       844       

سۆران عومه‌ر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، دەبێت لە نزیکترین کاتدا، هەردو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە رێکبکەون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێدابەش دەکرێت.

سۆران عومەر، به‌ كه‌ناڵی کەی ئێن ئێن_ی راگەیاند: پێویستە لە چەند رۆژی داهاتوو هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر پرسی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە وردی گفتوگۆ بکەن، چونکە ئەو پرسە گرنگە و کاتی پێویستە.

وتیشی: "دەبێت حکومەتی فیدراڵ هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 202 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و مووچەکانیان بخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییە، لەرێگەی ئەو بانکانەی کە سەر بە بانکی ناوەندین و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی ناسێندراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر مووچە خۆرێک خۆی نەچێت بۆ بانکەکە و سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانی پێ نەبێت و ناوی لە لیستەکەدا نەبێت و پەنجە مۆری نەبێت، نابێت بە خاوەنی کارتی بانکی و مووچەی پێنادرێت.

بەوتەی سۆران عومەر، لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هەردوو حکومەت پابەند دەکرێن بەوەی بەزویی هەژماری بانکی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێتەوە.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی باسی لەوەکرد، لە بڕیارەکەدا ئەوەش هەیە کە پێویستە مووچە فەوتاوەکان بگێڕدرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئەو قەرزە لای کام حکومەتە و بە چ میکانزمێک دەدرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دادگای فیدراڵی کۆتا بڕیاری لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرد و رایگەیاند، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادەستورییە و نابێت، لەو مافەیان بێبەش بکرێن، لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانیشەوە چەند بڕیارێکی دیکەی دەرکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×