ئا: دیدار نێروەیی
حکومەتی عێراق رۆژی 30ی حوزەیرانی داهاتووی وەک دوا وادە بۆ داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکان دیاریکردوە، بەشێکی بەرچاو لەم کەمپانە دەکەونە پاریزگای دهۆکەوەو ئاوارەی ئێزیدیو سوریان تیا نیشتەجێیە، بەرێوەبەری گشتی کۆچو کۆچبەرانو بەرسڤدانی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئاوارەکانی شەنگال سەبارەت بڕیارەکەی حکومەتی عێراق نیگەرانن، چونکە دەزانن شەنگال ژیانێکی ئاسایی تیا دەسەتەبەر نییە تا بگەڕێنەوە، بۆ گەڕانەوە پێویستیان بەقهرهبووکردنەوەیەکی شیاوە".
لهئێستادا 20 كهمپی ئاواره لهسنوری پارێزگای دهۆكو ئێدارهی سهربهخوی زاخۆ ههن، 5 كهمپیان تایبەتن بۆ پهنابهرانی روژئاوای كوردستانو 15 كهمپیش بۆ ئاوارهكانی قهزای شهنگال. ژمارهی خێزانهكان لهناو كهمپهكاندا 25 ههزارو 600 خێزانن، له دهرهوهی كهمپهكانیش 37 ههزار خێزانن. ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی رابردوو نزیكهی 1000هەزار خێزان گهڕاونهتهوه، بەڵام لهئێسَتادا پرۆسهی گهرانهوهی خهڵكی شهنگال بۆ ناوچەکانیان لەقەزای شهنگال وهستاوه، سهرباری ئەوەی لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکناەوە بهرنامهیهك ههیه بۆ هاوكاریكردنی ئهو خێزانانه بەمەبەستی گەڕانەوە، بهڵام ئهم پرۆسهیه زۆر سستو خاوە.
ئێزدیهكان ماوەی 10 ساڵه ژیانێکی پڕ لەنەهامەتی بەسەردەبەن، ناوچەکەشیان دوای رزگارکردنی لەدەستی داعش، کرایە شانۆی ململانیێ چەندین هێزی سەربازیو سیاسی ناوخۆیی کوردستانیو عێراقیو هەرێمایەتیو تەنانەت جیهانیش.
جێگری میری کوردانی ئێزدی، جەھوەر عەلی بەگ سەبارەت بەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەئاوێنەی راگەیاند پێویستە حکومەتی فیدرالو حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەتا رێکەوتنی شەنگال جێبەجێ بکەن، بو ئەوەی خەلکی شەنگال جارێکی تر نەبێتە قوربانی ئەو کارەساتەی بەسەریھات، ئەو وتی "ئێزیدییەکان تووشی زیانێکی گەورەی گیانیو ماددی بونەتەوە، پێویستە قەرەبوویان بۆ بکرێتەوە، چ ئەو ئاوارانەی لە ناو کەمپنو چ ئەوانەی لەدەرەوەی کەمپەکانن، بۆ ئەوەی لەکاتی گەڕانەوەیاندا ژیانێکی ئاسایی بەسەرببەنو سەقامگیری ناوچەکە بپارێزرێت".
وتیشی "خەڵکی ئاوارە ھیچ شتێکیان نەماوە، نەخانوو نەخزمەتگوزاریی، جەورو ستەمو زۆردارییەکی بێوێنەیان لێکراوە، ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە شەنگال تەنھا بەشێکی کەمن، ئەوانیش ھەر خێزانێک تەنھا ملیونێکو نێوێک دینارێان پێداون، ئەمەش پارەیەکی زۆر کەمەو بەشی هیچ ناکات".
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراق
بەشێک لەچاودێران ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق سەبارەت بەداختستنی کەمپی ئاوارەکان دەگەڕێننەوە بۆ ئەو ململانێ سیاسییەی لەنێوان هەولێرو بەغدا لەئارادایە، بەتایبەتی کە وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق کەسایەتییەکی نزیک لە"رەیان کلدانی"و سەر بەگروپی "بابلیۆن"ی نەیاری پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئیڤان رایگەیاندووە "داخستنی کەمپی ئاوەرەکان ئاواتی ژیانمە، لەبەرئەوەی ئەو پرسە سیاسییەو دۆسیەکە لەقەبارەی خۆی زیاتر گەورە کراوە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردووداو کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر سندوقی ئاوەدانکردنەوەو یەکێکە لەو هۆکارانەی کە خزمەتگوزاری کەم دەگات بەناوچەکان".
راشیگەیاندووە "ئەگەر بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوەرەکان بەدەست من بوایە هەر ئەمڕۆ دامدەخست".
ئڤیان دەخیل، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی عیراقو ھاوکات نوێنەری ئێزدیەکان
لەبەرامبەر ئەم لێدوانانەی وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عێراق، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی عیراقو ھاوکات نوێنەری ئێزدیەکان، ڤیان دەخیل کە سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەشاری دهۆک، جەغتی لەوە کردەوە کە ئەم بریارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان قبول نیە، ئەو وتی "لە١٢ ھەزار فۆرمی قەرەبوی ئاوارەکان تەنھا ٢٠ کەسیان پارەی خۆیان وەرگرتوە، ئەوان چۆن دەتوانن لەماوەی شەش مانگدا ئەم ھەموو ھاوڵاتیانە قەرەبوو بکەنەوە؟ چۆن دەتوانن لەماوەی چوار مانگدا سێ چوار ھەزار خانوو لەشەنگال دروستبکەن تا ئەو ئاوارە بگەڕێنەوە؟ ئەمە کێشەی وەزارەتی کۆچو کۆچبەراننو ئێمە سکالاش لەسەر ئەم وەزارەتە تۆمار دەکەین، چونکە پارەی ئاوارەکانیان خواردووەو ئەم دەوڵەمەند بوونەی وەزیری کٶچو کٶچبەرانو ئەو لایەنە سیاسیانەی لەپشتین بونەتە ملیاردێرو ئێمەش دەزانین لەبنەڕەتدا ئەوان چۆن بوون".
ژیانی ئاوارەکان، ژیانێکی بێ ئەندازە ناخۆشو خەمهێنەرە، لەناو کەمپەکاندا زۆربەی ئاوارەکان لەناو خێمەو دەوارێکی شڕدان کە نەزستانان لەسەرما دەیانپارێزێو نەهاوینان لەگەرما، ژیان لەناو ئەم کەمپانەدا کە چواردەوریان بەهۆی فڕێدانی خۆلو خاشەکەوە کراوەتە زبڵدان، بۆ ژنو منداڵ زۆر سەخترە، کە لەساکانترین ئامڕازەکانی خزمەتگوزارییو کاتبەسەربردنی ئاسایی بێبەشن. هاوکات ئەو ئاوارانەی لەدەرەوەی کەمپەکانیش دەژین، سکاڵاو دەردەدڵیانە لەو دۆخە نەخوازراوەی تێیکەوتوون.
رەشو شەنگالی ،ھاولاتیەکی کوردی ئێزدییەو لەدەرەوەی کەمپەکانی شاریا دەژیو خاوەن خێزانە، ئەو باس لەو ناخۆشیانە دەکات کە لەدەرەوەی کەمپەکان دەیبینن، لەبەرئەوەی لەناو کەمپەکاندا شوێنیان نەبوەتەوەو ناچاربون بچن لەدەرەوەی کەمپەکان خێمە هەڵدەنو بژین، رەشو بەئاوێنەی وت "ئێمە کە لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین، ھیچ ھاوکارییەک بەئێمە ناگات، تەنانەت ھیچ کەسێکیش لێمان ناپرسێتەوە کە ئەم ھەموو خوڵو خاشاکە کەڵەکە بووە چییە لەدەوروبەری ئەو خێمانەی ئێمە فڕێدراوە! بۆگەنێکی زۆر ناخۆشییان لێدێو کاس بووین، کەس ئێرە پاک ناکاتەوە. بۆیە ئەگەر بڕیاری حکومەتی عێراق جێبەجێ بکرێتو قەرەبوو بکرێینەوە زۆر باشترە بگەڕێینەوە زێدی خۆمان چونکە بەڕاستی لەناو ئەم ھەموو خێمەیەدا تیاچووینو ماندوو بووین".
وتیشی "ئێمەی ئاوارەی دەرەوەی کەمپەکان لەهەموو ئەو هاوکاریانە بێبەش کراوین کە دێت بۆ ئاوارەکان، دەڵێن ئەم ھاوکاریانە بۆ ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان نیەو ئەوان پێویستییان پێنیە! بۆ ئێمەش ئاوارە نین؟ ئێمە تکا دەکەین با ژیانی داھاتوومان ھەر بەم شێوەیە نەبێتو ھاوکاریمان بکەن بگەڕێینەوە زێدی خۆمان".
خٶڵو خاشاک دەوری کەمپی ئاوارەکانی لەدهۆک تەنیوە
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچو کۆچبەرانو وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان، زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن؛ 490 هەزاریان لەدەرەوەی کەمپەکانو زیاتر لە 174 هەزاریش لە25 کەمپ نیشتەجێن. ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشت و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە. سەر ماڵو عاڵی خۆیان کە زۆربەیان خەڵکی شەنگالو گوندەکانی دەوروبەریین، بەهۆی ئەو هێرشەی چەکدارانی داعش لهساڵی 2014 کردیانە سە قهزای شهنگالو ههزاران كهسیان لێ كۆمەڵكوژ كردنو ژنو كچهكانیشیان وهكو كهنیزهك بردنو تا ئێستاش چارەنوسی بەشێکیان نادیارە.
دەیان پیر جعفو، بەڕێوەبەری گشتی کۆچو کۆچبەرانو بەرسڤدانی قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان، بەئاوێنەی راگەیاند خەلکی شەنگال نیگەرانن لەبڕیارەکەی حکومەتی عێراق سەبارەت بەداخستنی سەرجەم کەمپەکان، چونکە دەزانن لەئێستادا ئەو شوێنەی دەبێ بۆی بگەڕێنەوە ژیانی تیا نییە، ئەو وتی "پێویستە ئەم ئاوارانە خۆیان بڕیار لەسەر داھاتوی خۆیان بدەن، ئەمە ١٠ ساڵە لەناو خێمەو لەژیانێکی سەختدا دەژینو ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیانو ھۆکارەکەش روونە، لەسالی ٢٠١٧وە تا ئێستا حکومەتی فیدرال ھیج ھاوکاریو بڕە نەوتێکی دابەش نەکردووە بەسەر ھیچ ئاوارەیەکی دەرەوەی کەمپەکانو دەڵێن ئەوان پێویستیان بەھاوکاری نیە چونکە لەدەرەوەی کەمپەکانن، بەڵام من دەڵێم بەپێچەوانەوە ئەوانیش ھەر ئاوارەی خەلکی شەنگالنو زۆر ناخوشییان بینیوە".
وتیشی "سێ ساڵ لەمەوبەر حکومەتی عێراقو ھەرێمی کوردستان رێککەوتنێکیان کرد سەبارەت بەشەنگال، بەڵام تا ئێستا هیچ یەک لەو خاڵانەی رێکەوتنی لەسەرکرا جێبەجێ نەکراوە، یەکێک لەو خاڵانە پێویست بوو ھەموو ئەو ھێزانەی بەنایاسایی لەشەنگال ھەن بچنە دەرەوە، چونکە خەڵک دەبێتە قوربانی ئەو بۆردومانانەی فڕۆکەو درۆنەکانی تورکیا، خاڵێکی تر ئەوەبوو ٢٥٠٠ کەس لەھاوڵاتیانی خەڵکی شەنگال وەک پۆلیس دابمەزرێنو ئەوان ئاسایشی شەنگال لەئەستۆ بگرن ئەمەش نەکراوە، خاڵێکی تریش ئەوە بوو قەرەبوویەکی باش بۆ ئەو ئاوارانەی شەنگال بکرێت دەگەڕێنەوە، چونکە لەسەدا ٨٠ێ خانووەکانی شەنگال روخاونو ھەر ھاوڵاتییەک پێویستی بەنزیکەی ١٥ ملیۆن دینارە تا بتوانن خانووی خۆیانی پێ نوێژەن بکەنەوە".
بەڕێوەبەری گشتی کۆچو کۆچبەرانو بەرسڤدانی قەیرانەکان ئاماژە بەوە دەکات بەئاوارەکانیان وتووە تەنھا ئەوانەی لەناو کەمپەکانن نەک ئە ئاوارانەی لەدەرەوەی کەمپەکانن ھەر خێزانێک بگەڕێتەوە چوار ملیۆن دیناریان دەدەنێ، ئەگەر نەچێتەوە شەنگالیش تەنھا بچێتە دەرەوەی کەمپەکان، ئەو وتی "بەڕای خەڵکی ئاوارەی شەنگال ئەمە سوکایەتییە، چونکە دۆسیەی ئاوارەکان یەک دۆسیەیەو تەنھا لە دەرەوەی کەمپەکان ٣٧ ھەزار خێزانی ئاوارە هەن، لەناو کەمپەکانیش ٢٥ ھەزار خێزان، ئێمە ھیچ ئاوارەیەک بەزۆر ناگەڕێنینەوە شەنگالو ھیچ نوسراوێکی فەرمیش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەگەیشتووە بەدەستمان، ھاوکات حکومەتی عێراق فشار لەسەر رێکخراوەکان دەکات بەمەبەستی کەمکردنەوەی ھاوکارییەکانیان، ٧٠ % ئەو ھاوکاریانەش کەمیان کردووە، لەئێستادا سێکتەری ھاوکاریکردنی ئاوارەکان لەناو کەمپەکان حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەئەستۆی گرتووە کە ھەڵگرتنەوەی خۆڵو خاشاکو دابینکردنی ئاوو بەڕێوەبردنی کەرتی پەروەردەو تەندروستییە".
وتیشی "چۆن ئەم ئاوارانە بچنەوە بۆ شەنگال کە ھیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی لێنیە؟ نەئاوو نەکارەبا، بەتایبەتی لەناوچەکانی تەل عزێرو سیباو گر زەرک، کە بنەمای ژیانی تیا نەماوە، ھاوڵاتیانی ئێمە بچن بۆ کوێ؟ ئایا جارێکیتر بچن لەناو خێمەدا بژین؟".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.