وەزیری نەوتی عێراق: گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێم گەیشتونەتە قۆناغێكی پێشكەوتو
  2019-09-08       1753       

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پرسی نەوت گەیشتونەتە قۆناغێكی پێشكەوتو و دەشڵێت؛ وڵاتەكەی لە مانگی داهاتوەوە پابەند دەبێت بە رێككەوتنی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت"ئۆپیك"ەوە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت.

ئاوێنە: سامر غەزبان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەبەیاننامەیەكدا بەرلەوەی عێراق بەرەو ئیمارات بەجێبهێڵێت بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی جیهانی وزەو كۆبونەوەی وەزیرانی ئۆپیك، رایگەیاند"گفتوگۆی جددی لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە سەبارەت بە رێكخستنی بەرهەم و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ."

وتیشی"گفتوگۆكان گەیشتونەتە قۆناغێكی پێشكەوتو."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە "ئومێدی هەیە بگەنە سیاسەت و پلانێكی یەكگرتو كە تێیدا كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق'سۆمۆ' رۆڵێكی گەورەی دەبێت لەپەیوەست بە پڕۆسەی رێكخستنی هەناردەكردن بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی فراوانكردنی سەرچاوەی دارایی عێراق و ئەوەش هاوكارمان دەبێت بۆ ئەوەی عێراق پابەندبێت بە پشكی خۆیەوە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان وڵاتانی ئۆپیك و لەدەرەوەی ئۆپیك كراوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە عێراق لەم رۆژانەداو بەتایبەت لە مانگی داهاتوەوە دەست دەكات بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە لە مانگی كانونی دەمی ساڵی رابردودا ئیمزا كراوە لەنێوان وڵاتانی ئۆپیك.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×