جوتیار بۆ ئەمساڵ ڕەنج بەخەسار بووە، چونکە ڕێژەى بڕشتى گەنم بۆ ئەمساڵ لەهەر دۆنمێکدا گەیشتووەتە ٥٠٠ کیلۆ، بەڵام عێراق تەنها ٢٣٦ کیلۆ وەردەگرێتەوە
ئا: وریا حسێن
عێراق بۆ ئەمساڵ ٥٠% گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەرناگرێتەوە، ئەوەش نیگەرانىو بوونى دیاردەى کڕینەوەى دۆنمى زیادکردووە، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمیش دەڵێت "بەدیلمان هەیەو چاوەڕوانین".
لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە جوتیاران گەنمیان دروێنە کردووەو ئامادەکارى دەکەن بۆ وەرگرتنەوەى گەنمەکانیان لەلایەن سایلۆوە بەنرخى عێراق، ڕەمەزان حەبیب جوتیارێکە خاوەنى ٣٠ دۆنم زەوى دەیمە، گەنمەکەى دروێنە کردووە بەشێکى گەنمەکەى لەلایەن عێراقەوە لێوەردەگیرێت، بەڵام بۆ بەشەکەى دیکەى عەوداڵى ئەوەبوو ڕەسیدى دۆنم لەجوتیارێکى دیکە بکڕێتەوە تا هەموو گەنمەکەى بەنرخى عێراق بفرۆشێت، ئەو بەئاوێنەى وت "پارەش دەدەم، بەڵام دۆنمم دەستناکەوێت".
لەسنورى پارێزگاى هەڵەبجە کە خاوەنى دەشتى شارەزەوورە، درێژی ئەم دەشتە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا نزیکەى (٤٥) کیلۆمەترەو پانیەکەى لەنێوان (١٥-٢٠) کیلۆمەترو لەهەندێ شوێن دەگاتە (٢٥) کیلۆمەتر، بەناوچەیەکى بەپیتو فروان دادەنرێت بۆ کشتوکاڵ، بەتایبەت گەنم.
ستار مەحمود، بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى پارێزگاى هەڵەبجە، گفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کرد ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ئەمساڵ عێراق بۆ دۆنمێک بڕى ٢٣٦ کیلۆ گەنم وەردەگرێتەوە، ئەوەش زیانى لەجوتیارانى هەرێمى کوردستان بەگشتىو سنورى هەڵەبجە داوە، بۆیە پێویست بوو عێراق وەکو شارەکانى دیکەى عێراق وەرگرتنەوەى گەنم فرى بکات، ئەو وتى "کەمتر لەنیوەى بەرهەمى گەنمى جوتیارانى سنورەکە عێراق دەیکڕێتەوە".
بۆ ئەمساڵ پارێزگاى هەڵەبجە ٨٦ هەزارو ٣٠٠ دۆنم زەوى بەگەنم چێنراوە، بەگوێرەى خەمڵاندنەکان هەر دۆنمێکى چێنراو لەباشترین حاڵەتدا یەک تۆن گەنم بەرهەمیەتى، لەحاڵەتى ئاسایدا ٨٠٠ کیلۆ دەداتو لەخراپترین حاڵەتیشدا ٥٠٠ کیلۆ گەنم بەرهەمى هەیە، عێراق بۆ هەر دۆنمێک تەنها ٢٣٦ کیلۆ وەردەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى پارێزگاى هەڵەبجە ئاماژەى بەخراپى زیانەکان کرد، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە ئەو گەنمەى عێراق وەریناگرێتەوە بەدڵنیایەوە جوتیار دەبێت بەنرخێکى هەرزان لەبازاڕ بیفرۆشێت، ئەو وتى "جوتیاران بەشێکیان بۆ ئەوەى گەنمەکانیان ساغ بکەنەوە لەسایلۆکان دۆنم دەکڕن".
کڕینەوەى دۆنم پڕۆسەیەکە لەدەرەوەى حکومەتو لەچوارچێوەى کارى خۆیاندا جوتیارەکان لەنێوان خۆیان دەیکەن، بەشێک لەجوتیارەکان کە خاوەنى ڕەسیدى دۆنمن لاى حکومەت، بەبڕیک پارە ڕەسیدەکە دەفرۆشن بەو جوتیارانەى ڕەسیدیان نیە یان ڕەسیدیان کەمە.
هێمن کامیل، لەناو بازاڕی سەعەتاکۆیى لەسلێمانی کارى کڕینو فرۆشتنى گەنمو دانەوێلەکانى دیکە دەکات، باسى پڕۆسەى فرۆشتنو کڕینى دۆنمى بۆ پەیامنێرى ئاوێنە کرد، باسى ئەوەیکرد ئەگەر جوتیارێک زەوى هەبوو، گەنمى هەبوو، یان ئیجارى کردبوو ڕەسید بفرۆشێتەوە ئاساییە، بەڵام ئەگەر گەنمى نەبێتو بەفێل ئەو کارە بکات کارەکەى حەرامە، ئەو وتى "جوتیار هەیە ١٠ تۆن گەنمى هەیە ٥ تۆنى لێوەردەگرن، بۆیە بەناچارى گەنمەکەى نادات بەسایلۆو پشتگرییەکەى لەگەڵ گەنمەکە لەبازاڕ دەفرۆشێت".
بەبڕواى ئەو فرۆشیارە جوتیار بۆ ئەمساڵ ڕەنج بەخەسار بووە، چونکە ڕێژەى بڕشتى گەنم بۆ ئەمساڵ لەهەر دۆنمێکدا گەیشتووەتە ٥٠٠ کیلۆ، بەڵام عێراق تەنها ٢٣٦ کیلۆ وەردەگرێتەوە، ئەوەش جوتیاران ناچار دەکات بەنرخى بازاڕ گەنمەکانیان بفرۆشن، ئەو بەئاوێنەى وت "عیراق بە٨٥٠ هەزار دینار گەنم لەجوتیار وەردەگرێتەوە، بەڵام جوتیار نیوەى گەنمەکەى بە ٥٠٠ هەزار دینار هەڕاج فرۆش بکات ئەگەر بگاتە ٥٥٠ هەزار بۆ هەر تۆنێک گەنم".
لەهەرێمى کوردستان زیانر لە٢ ملیۆنو ٩٠٠ هەزار دۆنم زەوى چێنراو بەگەنم هەیە، بەرهەمى گەنم لەو دۆنمانە گەیشتووەتە سەرووى یەک ملیۆنو ٩٣٤ هەزار تۆن گەنم، واتە بەڕێژەى ناوەندییەتى، هەر تۆنێک ٤٢٩ کیلۆ گەنم زیاترى تێدا بەرهەم هاتووە، لەو بڕە عێراق تەنها ٧٠٠ هەزار تۆن وەردەگرێتەوە.
لەناوەڕاستى مانگى ئایارى ٢٠٢٤، وەزیرى کشتوکاڵو سەرچاوەکانى هەرێم سەردانى بەغدادى کرد تاوەکو ئەمساڵ هاوشێوەى عێراق گەنم لەجوتیارانى هەرێمیش هەمووى وەربگرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان ئەنجامى نەبوو.
ڕزگار خدر، ڕاوێژکار لەوەزارەتى کشتوکاڵو سەرچاوەکانى ئاو زانیارى ئەوەی بەئاوێنە دا سەربارى سەردانو هەوڵەکانى وەزارەتەکە لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، بەڵام دانیان نەنا بەوەى جوتیارانى کوردستان هاوشێوەى عیراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەو وتى "عێراق سەربارى ئەوەى لیژنەى خۆیان هاتنو لەنزیکەوە گەشەى گەنمى هەرێمى کوردستانیان بینى، بەڵام هەر لەسەر بنەماى خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان کرد، کە بریتى بوو پشکى ١٢%ى عێراق کە بڕیارێکى سیاسى بوو".
بەرپرسەکەى ناو وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە بەدیلى ئەوەى عێراق گەنمى لەجوتیارانى هەرێمى کوردستان وەرنەگرتووەتەوە دڵنیایى دا پلانیان هەیە، زانیارى ئەوەی دا لیژنەیەکى هاوبەشى حکومىو ئەهلى لەنێوان وەزارەتەکانى (کشتوکاڵو بازرگانىو پلاندانانو ئەنجومەنى وەزیران لەگەڵ کەرتى تایبەت) هەیە بەناوى (گرێبەستى نیشتمانى بەبازاڕکردنى گەنم)، سەبارەت بەوەرگرتنەوەى ئەو گەنمەى عێراق وەریناگرێت ئەوان وەریبگرنەوە، ئێستا چاوەڕوانى وەرگرتنەوەن، دواى ئەوەی لیژنەکە نرخو بڕەکانى دیاریدەکات، رزگار خدر وتى "ئێمە نابێت پێش ڕووداوەکان بکەوین، بزانن ئایا ئەو ٧٠٠ هەزار تەنەى عێراق دیاریکردووە وەریدەگرێتەوە، پاشان هەرچى مایەوە لەوەى لیژنەى وەرگرتنەوەى گەنمى سەرپەرشتى وەرگرتنەوەى ئەو گەنمە دەکات عێراق وەریناگرێت".
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى لەپەرلەمانى عێراق جەخت لەسەر هەمان پرس دەکاتەوەو پێیوایە لەپرسى وەرگرتنەوەى گەنمى جوتیاران، هەرێمى کوردستان قسەى عیراقى بڕیوەو هیچ گومانێک نەماوەتەوە لەسەر گەنمى جوتیاران، بەڵام وەزیرى کشتوکاڵى عێراق نادادپەروەرانە هەموو گەنمى جوتیارانى هەرێمى وەرنەگرت، ئەو وتى "لە ٥ى حوزەیرانەوە وەرگرتنەوەى گەنم دەستىپێکردووە، زۆر محاوەلەمان کرد هەمووى وەربگیرێتەوە، بەڵام بەداخەوە عێراق نەیکرد".
ئەو پەرلەمانتارەى عێراق ئاماژەى بۆ دۆخێک کرد کە لە(٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦) بەردەوام بوو، کە گەنمى هاوردەى تێکەڵ بەگەنمى هەرێمى کوردستان کرا، عێراق پارەى ئەو چەند ساڵەى راگرت، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ لەیاساى ئاسایشى خۆراک وەرمانگرتەوە، دواى ئەو ڕووداوە ئێستا تاڕادەیەک ئەو دیاردەیە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام بازرگانى بەپشکى گەنمەوە دەکرێت، ئەمە نیشانەى ئەوەیە خەڵکێک جوتیار نیەو پشکى بۆ ئەنووسرێت، هاوکات هەیە جوتیار نیەو زەوى زۆر بەئیجار دەگرێتو وەکو جوتیار خۆى دەناسێت، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان بەهاوکارى کۆمپانیایەکى عیراقى وردتر کارى لەسەر ئەم پڕۆسەیە کردووە، بۆ ئەمساڵ بۆ ئەوەى زەوى چێنراو دیارى بکات، هەموو داتاو بەڵگەیەکى خستووەتە بەردەم عێراق، بۆیە بیانوویان نەما تەنها وتیان ئێمە لەو ٧٠٠ هەزار تۆنە زیاتر بەرپرسیاریەتى هەڵناگرین، سۆران عومەر وتى "ئەمساڵ کاتێک گفتوگۆکانى هەردوو وەزارەتى کشتوکاڵ سەرکەوتوو نەبوون، نامەیەک ئاڕاستەى د.فوئاد حسێن سەرۆکى ئەنجومەنى ئابوورى عێراق کرا، هاوکات داوامان لەسودانى کرد دەسەڵاتى خۆى بەکاربهێنیتو ٢٠٠ هەزار تۆنى دیکە بۆ گەنمى هەرێم زیاد بکات، بەڵام وەزیرى کشتوکاڵى عێراق زۆر زۆر دەمارگیرانە دژى ئەوەبوو یەک کیلۆى دیکە لەسەرو ئەو بڕەوە وەربگیرێت".
ئ
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.