په‌رله‌مانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی كرد
  2024-08-04       246       
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆداو له‌سه‌ر داوای‌ پێكهاته‌ی‌ سوننه‌، خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی كرا

له‌سه‌ر داوای‌ شیعه‌كان‌و له‌دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا بەکۆی دەنگ بڕگه‌یه‌ك بۆ كارنامه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ زیادكرا كه‌ تایبه‌ت بو به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی‌و له‌دانیشتنه‌كه‌دا خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كرا. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر داواكاری‌ سوننه‌كان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ئه‌نجامدرا.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، په‌رله‌مانی‌ عێراق كۆبوه‌وه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر داوای‌ شیعه‌كان‌ بەکۆی دەنگ بڕگه‌یه‌ك بۆ كارنامه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ زیادكرا كه‌ تایبه‌ت بو به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی‌ ژماره‌ 188ی‌ ساڵی‌ 1959 و له‌دانیشتنه‌كه‌دا خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كرا.

هەمواری یاسای باری كەسێتیی ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێكهاتەی شیعە پێشكەشیانكردووە، لەلایەن هێزە مەدەنییەكانەوە لەسەر ئاستی عێراق‌و هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتیی دروستكردووەو هەموارەكە ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌وی‌ لێده‌گیرێت كه‌ رێگە بەهاوسەرگیریی كچانی خوار ته‌مه‌ن 16 ساڵ ده‌دات‌و جیاوازییه‌ تائیفییه‌كانی‌ نێوان سوننه‌و شیعه‌ش زیاتر زه‌ق ده‌كاته‌وه‌.

هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقداو له‌سه‌ر داوای‌ پێكهاته‌ی‌ سوننه‌، خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ئه‌نجامدرا.

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ی ساڵی 2016 یە.

ده‌شڵێت، هەموارەکە یەک مادەیە ئەویش زیادکردنی پێناسەی تاوانی ئینتمایە بۆ گروپە ئیرهابیەکان لەماددەی (4) بڕگەی دووەم نەم جۆرە:

الجریمه‌ الارهابیه‌ التی نشأتها قتل او عاهه‌ مستدیمه‌ و جریمه‌ تخریب مۆسسات الدوله‌ و جریمه‌ محاربه‌ القوات المسلحه‌ العراقیه‌ وكل جریمه‌ ارهابیه‌ مساهم بإرتكابها بالمساعده‌ او التحریچ او الاتفاق.

سۆران عومه‌ر ڕونیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئەم یاسایە بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "لەعێراقدا بەتۆمەتی تیرۆر هەزاران کەس لەسوننەكان بەناوی تیرۆرەوە حوکمدراوە کە غەدرێکی گەورەیە، شیعە ڕێگرە لەیاسای لێبوردنی گشتی."

هاوكات كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌باره‌ی‌ دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراقه‌وه‌ له‌په‌ڕه‌ی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نوسیویه‌تی‌، "سوننەکان شەڕی تێپەراندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن کە ئەو کەسانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستیەکاندا گیراون ئازاد بکرێن. لەبەرامبەردا شیعەکانیش شەڕی تێپەراندنی هەمواری یاسای ئەحوالی شەخسی ئەکەن کە رێگە ئەدات بەزەواجی پێشوەختەو مەزهەگەرایی توندتر دەکاتەوە. هەردو پرۆژە هەموارەکە کاریگەری نەرێنی زیاترە تا ئەرێنی. عێراق توشی جۆرێ لەئیحراجی دەکات‌و پەیوەندی بەکوردەوە نیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×