عێراق رزگاركردنی دو كچی ئێزیدی راگەیاند
  2024-08-12       357       

وتەبێژی سەربازیی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، دو كچی ئێزیدی رفێندراو لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقەوە لە سوریاوە گەڕێندرانەوە عێراق و رادەستی كەسوكارییان كرانەوە.

ئاوێنە: یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەفەرمانی سودانی، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان بەشێوەیەكی چڕ بەردەوامن لە سۆراغكردنی كچان و ژنانی ئێزیدی رفێندراو لەلایەن داعش.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەو روەوە هێزەكانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی سنور، توانیان دو كچی ئێزیدی كە لەلایەن داعشەوە رفێندرابون لە سوریاوە بگەڕێینەوە عێراق و رادەستی كەسوكارییان بكەنەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، یەكێك لەو كچانە تەمەنی 10 ساڵانە.

جەختیشی كردۆتەوە كە سودانی خۆی بە شەخسی سەرپەرشتی دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی دەكات و لە چەندین كۆبونەوەو بۆنەدا جەختی لە گەڕاندنەوەی سەرجەم رفێندراوان و خستنەگەڕی تەواوی هەوڵ و تواناكان بۆ ئەو مەبەستە كردۆتەوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×