هیومان رایتس ۆوچ داوا لە حكومەتی عێراق دەكات هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان
  2024-08-14       220       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، تەرمی سەدان هەزار قوربانی کە بەنایاسایى کوژراون لەسەرتاسەرى عێراق لە گۆڕى بەکۆمەڵدا نێژراون و داوا دەكات حكومەتی عێراق هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەو دیاریكردنی ناسنامەی قوربانییەكان ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی عەدالەت بۆ كەسوكاری قوربانیان و زانینی چارەنوسی ئازیزانیان.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتەكە وتویەتی، ئەو گۆڕانە تەرمى قوربانیانى پێکدادانە یەک لەدواى یەکەکانن، لەناویشیاندا جینۆسایدى سەدام حسێن لەدژى کوردەکان لە 1988و کوشتنى بەکۆمەڵ لەلایەن گروپى چەکدارى توندڕەوی (داعش) لەنێوان 2014 بۆ 2017.

وەك رێكخراوەكە ئاماژەی پێداوە، (UNITAD) کە تیمى لێکۆڵینەوەیە کە لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان دروستکرا بۆئەوەى زنجیرەیەک تاوانى داعش لە عێراق تۆمار بکات، لەماوەى کارەکانیاندا پشتیوانیى لە بەڕێوەبەرایەتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڕێوەبەرایەتى پزیشکى-یاسایى حکومەتى عێراق کرد بۆ هەڵدانەوەی 67 گۆڕى بەکۆمەڵى پەیوەست بە داعش. بەڵام لە کۆتاییەکانى 2023، لەسەر داواى حکومەتى عێراق، ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ئەرکى (UNITAD) بۆ تەنیا ساڵێکى دیکە، ئەوەش ماناى وایە کارەکانى لە ئەیلولى 2024دا دەوەستێت.

هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە کۆتاییهاتنى تیمى نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی دروست دەکات لەبارەى دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دەستنیشانکردنى ناسنامەی قوربانییەکان.

سارە سەنبار، لێکۆڵەرى عێراق لە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاندوە، هەڵدانەوەى ئەو گۆڕانە زۆر گرنگە بۆئەوەى دەرفەت بدرێت بە خێزانى قوربانییەکان تا هیوایەکى دادوەرییان هەبێت و برینەکانیان ساڕێژ بکات." 

وتوشیەتی، "خەڵکى مافى خۆیانە کە بزانن چارەنوسى کەسە نزیکەکانیان چى لێهاتوە و بەشێوەیەکى گونجاو و بەکەرامەتەوە بیاننێژن." 

بەپێی راپۆرتەكە، سەنتەرى ستراتیژىی بۆ مافەکانى مرۆڤ لە عێراق پێشبینی ئەوەی كردوە كە گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق تەرمى 400 هەزار کەسیان تێدایە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین کەسانى ونبوى هەیە لەجیهاندا، کە لەنێوان 250 هەزار بۆ 1 ملیۆن کەس خەمڵێندراوە، کە زۆرێک لەوانە بڕوا وایە کە لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا نێژرابن.

ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندوە، بۆ بەرەوپێشبردنى دادوەریى و بەرپرسیارێتى بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان، دەبێت حکومەتى عێراق هەوڵەکانى خۆى چڕبکاتەوە بۆ هەڵدانەوەى ئەو گۆڕانە، دەستنیشانکردنى قوربانییەکان، گێڕانەوەیان بۆ کەسوکارەکانیان بۆئەوەى بەشێوەیەکى گونجاو بیاننێژن و بەڵگەنامەى گیانلەدەستدانیان بۆبکەن، و قەرەبوى خێزانەکان بکرێتەوە، وەکو ئەوەى بەپێى یاسای عێراق دیاریکراوە.

زیا کەریم تەعمە، بەڕێوەبەرى گشتیى لە بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستنیان سەربە حکومەتى فیدراڵیى عیراق، بە هیومان ڕایتس ۆوچى ڕایگەیاندوە، لە ساڵى 2003ەوە دامەزراوە فەرمییەکان زیاتر لە 288 گۆڕى بەکۆمەڵیان هەڵداوەتەوە. تەعمە هەروەها وتوشیەتی"تاوەکو تۆمارێکى نیشتمانیى یەکگرتو نەبێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک نازانین کە چەند کەس لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا نێژراون."

لەنێوان 2017 و 2023دا، (UNITAD) یارمەتى دەسەڵاتدارانى عێراقیداوە بۆ هەڵدانەوەى 1237 گۆڕى بەکۆمەڵى قوربانیانى کۆمەڵکوژیى کامپى سپایکەر، کە لەلایەن داعشەوە 1700 سەرباز، خوێندکار و خۆبەخش کوژران و ئەوانەى کە ویستویانە لە ئەکادیمیاى ئاسمانیى تکریت خۆیان دەرباز بکەن لەنێوان 12 بۆ 14ى حوزەیرانى 2014، کە لە 14 گۆڕدا بون و دو تاوانى نزیک ڕوبارەکان. ڕاپۆرتى مانگى حوزەیرانى 2024ى (UNITAD) بەڵگەى پێویستى خستوەتەڕو کە بڕوابکەین بەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە بە ئامانجیى جینۆساید ئەنجامدراوە، ئەمەش دەچێتە قاڵبی تاوانەکان دژ بە مرۆڤایەتى و تاوانەکانى جەنگ نیشان دەدەن.

لەم دواییانەدا لە 28ى ئابى 2024، دەسەڵاتدارانى عێراق و (UNITAD) ڕایانگەیاند کە دەستیانکردوە بە هەڵدانەوەى گۆڕى بەکۆمەڵى چاڵى عەلۆ عەنتەر، کە گۆڕێکى بەکۆمەڵى ناوچەى تەلعفەرە. گۆڕەکە، نزیکەى 50 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاواى موسڵەوەیە، بڕوا وایە کە تەرمى زیاتر لە 1000 کەسى تێدابێت. لەنێوان ساڵانى 2014 و 2017دا، داعش ئەو چاڵەى بەکارهێناوە بۆ کۆمەڵکوژیى و تەرمى هەڵداوەتە ئەو ناوچەیەوە.

بەڵام لەکاتێکدا کە 17ى ئەیلول وەکو دوابەروار نزیک دەبێتەوەو بڕیاردەدرێت لەسەر کارەکانى (UNITAD) لە عێراق، نیگەرانیى هەیە لەبارەى ئەوەى کە ئەو بۆشاییەى ئەوان بەجێى دەهێڵن لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراقەوە بەباشى پڕناکرێتەوە.

"تەنها هیوایەکى ئێمە وەکو قوربانیان و ڕزگاربوان بریتییە لە (UNITAD)،" پیاوێک کە باوک، برا، و دو مامی لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا لە باشورى شنگال دۆزراوەتەوە بەوشێوەیە قسەى بۆ هیومان ڕایتس وۆچ کرد. هەروەها دەڵێت "زۆرێک لە شتەکان خراپتر دەبن کاتێک ئەوان ئێمە بەجێدەهێڵن. دڵنیانیم کە حکومەتى عێراق تواناى ئەوەى هەبێت کە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە بەهۆى جێهێشتنى (UNITAD)ەوە دروست دەبێت."

تەعمە دەڵێت "بەدڵنیاییەوە، بۆشاییەک دروست دەبێت کاتێک ئەوان [UNITAD]  ئێرە جێدەهێڵن." هەروەها دەڵێت "بەڵام حکومەتى عێراق بڕیاری خۆی داوە کە ماوەى کارکردنى تیمەکە کۆتایى هاتوە، و پێویستە ئێمە پلانێکى جێگرەوەمان هەبێت."

لەدرێژەى ئامادەکارییەکان بۆ دەرچون لە وڵاتەکە، (UNITAD) پشتیوانیى لە تاقیگەى (دى ئێن ئەى) بەڕێوەبەرایەتى پزیشکیى-یاسایى دەکات بۆئەوەى دانپێدانانى نێودەوڵەتى وەربگرێت لە ڕێکخراوى نێودەوڵەتى ستاندارد، ISO/IEC 17025. دانپێدانانەکە ماناى وادەبێت کە ئەو دەرنجامانەى لەلایەن تاقیگەکەى بەغداوە دەردەچن بڕواپێکراودەبن لەئاستى نێودەوڵەتیى، دەرفەتى ئەوە دەبێت کە دەرەنجامەکانى وەکو بەڵگە لە دادگاکانى جیهاندا قبوڵ بکرێن.

خەبات عەبدوڵا، کە ڕاوێژکارە لە وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتى لێکۆڵینەوەى تاوانى سەربە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان تاقیگەیەکى هەیە بۆ دەستنیشانکردنى (دى ئێن ئەى) کە ڕۆژانە تواناى 5 بۆ 7 کەیسى هەیە. بەڵام بەپێى یاسای پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان (ژمارە 5ى ساڵى 2006)، تەنها تاقیگەکەى بەغدا ڕێگەپێدراوە بۆ شیکارى نمونەى (دى ئێن ئەى)ى گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

خەبات عەبدوڵا بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا، نزیکەى 2500 کورد کە لەنێوان 1980 و 1988دا کوژراون گۆڕەکانیان دۆزراونەتەوەو گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان.








 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×