لە دژی دانەمەزراندنیان، دەرچوانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان گردبووەنەوەیان ئەنجامدا و هۆشداریان دا، لە ئەنجامی بێدەنگی حکومەت خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئەنجام دەدەن.
ئاوێنه: ئەمڕۆ، لە بەردەم کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی، دەرچوانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانیان و ڕاگرتنی دامەزراندنیان بۆ زیاتر لە شەش ساڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
لەنجە ڕەحمان بەیاننامەی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی خوێندەوە وتی: چەند مانگێک پێش ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای ناو و داتای دەرچووە سێ یەکەمەکانی هەرێم کرد لەساڵەکانی “٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٣” بە مەبەستی دامەزراندنی و گەیشتن بەمافی زەوتکراوی خۆمان، دوای تێپەربوونی چوار مانگ بەسەر نووسراوی سەرۆکی حکومەت و ئەنجامدانی پڕۆسەی بایۆمەتری ماوەیەکی زۆرە تەواو بووە، هەرجارەی بەبیانوویەک داواکارییەکانمان دوادەکەوێت لە وەزارەت و ڕەوانەکردنی بۆ بەغداد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئێستادا پڕۆسەکە دواکەوتووە کەیسی ئێمە وون بوو لەنێو کەیسەکانی تر، لەکاتێکدا دەرچوانی سێ یەکەمەکان لەپێشینەی هەموویان بوون بۆ دامەزراندن.
ئەوەشی خستەڕوو، داواکارین لە هەمووان لە کێشەکانمان تێبگەن و بەڵێنەکانی خۆیان ببەنە سەر، لەکاتێکدا لەعێراق و ناوچە جێناکۆکەکان دەرچوانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان تا ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراون و گەیشتوون بەمافی خۆیان، بەداخەوەم حکومەتی فیدرالی خەم ساردانە مامەڵە دەکات و ئێمەی بێبەش کردووە لەو مافە، حکومەتی هەرێم بە بیانووی جۆراجۆر و ناڕاست فریومان دەدەن.
لە کۆتایشدا وتی: لە ئەنجامی بێدەنگی حکومەت خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجام دەدەین، بەردەوامیش دەبین تا بەڵێنێک بە کردارەوە دەبێت، چونکە چیتر ناتوانین زوڵم و ستەم و نادادی قەبوڵ بکەین کە چەندین ساڵە لێمان دەکرێت.