ترامپ ئامادە نەبو لەگەڵ ئەردۆغان كۆبێتەوە
  2019-09-29       6498       

ئا: ئاوێنە


سەرباری لێدوانەكانی ئەردۆغان دەربارەی ئامانج لەچونی بۆ نیۆرک‌و بەشداریكردنی لەكۆبونەوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان، گفتوگۆكردنە لەگەڵ ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵام ترامپ لەگەڵی كۆنەبۆوەو ئەمەش ئەردۆغان‌و ئەنقەرەی توڕە كردوە.


ئاژانسەكانی هەواڵ باس لەوە دەكەن كە ئەردۆغان هیوای بەوە بو لەسەردانەكەیدا بۆ نیویۆرک‌و نەتەوە یەكگرتوەكان چاوی بەترامپ بكەوێ‌‌و مەسەلەی ناوچەی ئارامی باكوری سوریا‌و چونە رۆژهەڵاتی فوراتی لەگەڵدا یەكلایی بكاتەوە کە تا ئێستا تەگەرەی تێکەوتوە. ئەردۆغان لەچەندین بۆنەدا باسی ئەوەی كردوە‌ کە دەچێت بۆ ئەمەریکا تا "ترامپ باوەڕ بەسودو بایەخی بۆچونی وڵاتەكەی بهێنێت سەبارەت بەدروستكردنی ناوچەی ئارام".


بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆ ناوەندە سیاسیەكانی توركیا ئەو كۆبونەوە دو قۆڵییەی کە ماوەیەکە ئەردۆغان بەحەسرەتەوە چاوەڕوانیەتی روینەدا‌و ئەو بەدەستی بەتاڵەوە گەڕایەوە توركیا. تەنانەت هیچ كاربەدەستێكی پلە باڵای ئەمەریكا ئامادە نەبون لەگەڵ ئەردۆغان كۆبنەوە.


ئەردۆغان وەک هەمو سەرۆکی وڵاتان، تەنها توانی بەشداری لەئاهەنگی پێشوازی كردنیاندا بکات كە بەکۆ لەلایەن ترامپەوە  بۆ ئەوان رێكخرا بوو. ئەردۆغانیش خۆی‌و هاوسەرەکەی لەگەڵ ترامپ‌و هاوسەرەکەی بەچوار قۆڵی وێنەیەكیان گرت.


ئەردۆغان لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك باسی ئەم بابەتەی نەكرد، كە ئاماژەیە بۆ چەقینی مەسەلەی دروستكردنی ناوچەی ئارام‌و قەیرانی موشەکی ئێس 400. ئەردۆغان خۆشی دانی بەوەدا نا كە هێشتا زۆر شت هەن دەربارەی ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمەریكا لەسەری رێككنەكەوتون‌، ئەو وتی "توركیا وڵاتێك نییە ترامپ یاری پێبكات، سەرۆكی ئەمەریكا هێشتا هەر بەردەوامە لەپاراستنی پەكەكە".


ئەردۆغان بەپێی ئەو نەخشەیەی سوریا كە لەنەتەوە یەكگرتوەكان گرتی بەدەستییەوەو قسەی لەسەر كرد، وا بەنیازە ناوچەی ئارام لەدێرزورەوە درێژ بێتەوە تا رەقە كە توانای لەخۆگرتنی 3 ملیۆن پەنابەری سوری هەبێت.


ناوەندە سیاسیەكانی ئەمەریكا جەغت لەوە دەكەن كە واشنتۆن بەردەوامە لەسەر پڕچەك كردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات سەرباری ئەوەی زیانی بەپەیوەندییەكانی نێوان توركیا‌و ئەمەریكا گەیاندوە، بەڵام ئەمە وایكردوە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەسوریاو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتەدا بپارێزێ‌و پاش ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات‌و عەفرین‌و نەکشانەوە لەخاکی سوریا، رێگە بەئەنقەرە نەدات کە بیر لەهێرشی تاکلایەنە بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات بكاتەوە، هەرچەندە تورکیا زۆرجار هەڕەشەی ئەوە دەکات کە تاکلایەنەو بەبێ رەزامەندی ئەمەریکا هێرش بۆ سەر رۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×