كەشناسی هەرێم: ئەمڕۆ لەم ناوچانە تاوە باران دەبێت
  2024-09-20       487       

كەشناسی هەرێم پێشبینی خۆی بۆ كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتو بڵاوكردەوەو دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی، لەدوای نیوەڕۆ لەناوچەكانی پارێزگای دهۆك، ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و هەندێك لە ناوچە سنورییەكانی پارێزگای سلێمانی، پێشبینی نمە باران و تاوە باران دەكرێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە دواى نیوەڕۆدا لەناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگای هەولێر و هەندێک لە ناوچە سنورییەکانى پارێزگاى سلێمانى پێشبینى  نمە باران و تاوە باران دەکرێت، پاشان کاریگەری بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی ناوەڕاستی هەرێم لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی لەناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکور دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکى گشتى نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ و تەنیا  لەناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی لەناوچە سنورییەکان نزمتر دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان لەنێوان  نیمچە هەورو پەڵە هەوردا دەبێت و پلەکانی گەرماش بەگشتى کەمێک بەرزتر  دەبنەوە، تەنیا لەسنورى ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک نزێک دەبن لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. 

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 35، سلێمانی: 34، دھۆک: 31، کەرکوک: 37، ھەڵەبجە: 34، زاخۆ: 30، سۆران: 32، حاجی ئۆمەران: 22، گەرمیان: 36 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×