فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لەوەزیرى ناوخۆ دەکات، لێکۆڵینەوەیەکى خێراو بهپهله لەهێرشى موشەکى بۆ سەر فڕۆکەخانەى بەغدا بکەنو لە 48 کاتژمێردا ئەنجامەکەى ڕابگەیهنن.
ئاوێنه: بەگوێرەى ڕاگەیهندراوێکى یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، وەزیرى ناوخۆى ڕاسپاردوە لێکۆڵینەوەیەکى خێراو بهپهله بکەن لەبارەى ئاراستەکردنى ژمارەیەک موشەکى کاتیۆشا لەناوچەى عامرییەى بەغداوە کە شەڕى رابردوو لەفڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى شارەکە کەوتنەوە.
شەوى ڕابردوو 30ى ئەیلول، دوو موشەکى کاتیۆشا ئاراستەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا کران، بەگوێرەى میدیاى فەرمیی عێراق یەکێک لەو موشەکانە لەپارکی تایبەت بەفەوجى دووى هێزەکانى دژەتیرۆر کەوتوەتە خوارەوەو موشەکەکەى دیکەش بەر گۆڕەپانێکى نێو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا کەوتوەو هیچ زیانێکى گیانی لێنەکەوتوەتەوە.
محەممەد شیاع سودانى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق، داواى لەوەزیرى ناوخۆ کردوە لەماوەى 48 کاتژمێردا کەمتەرخەمانى ئەو ڕوداوە دەستنیشانبکرێنو ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان ڕابگەیهنن.
هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکى جۆرى کیا-دا گرتوتەوە، کە سەکۆى ئاراستەکردنى ئەو کاتیۆشایانەى لەسەر بوە.
ئەو ئۆتۆمبێلە لەگوندى عەسریە لەناوچەى عامرییەى بەغدا دەستى بەسەرداگیراوە، بەگوێرەى میدیاى فەرمى عێراق چەند موشەکێکى تێدابوە، کە نەتەقێندراونو چەند موشەکێکى دیکەش لەنزیک ئۆتۆمبێلەکە تەقیونەتەوە.