كورده‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌نگ بەترامپ ده‌ده‌ن یان هاریس‌؟
  2024-11-03       898       

 ئا: ئاوێنه‌
 
كورد بوونێكی‌ گه‌وره‌و كارای‌ نییه‌ له‌ئه‌مه‌ریكادا، به‌ڵام به‌پێی‌ لێدوانی‌ كوردێكی‌ نیشته‌جێی‌ ویلایه‌تی‌ ڤێرجینیا، "ئەو کوردانەی رەگەزپەرستن‌و دژی پەنابەرن ئەوا مەیلیان بەلای ترامپدایەو بەبیانوی ئابوری باش‌و دژایەتیکردنی بێگانە دەنگ بەترامپ دەدەن، ئەوانەشی زیاتر مەیلی کرانەوەیان ھەیەو بایەخ بەپرسی مەدەنی دەدەن ئەوا لایەنگری کامالا ھاریسن". 


كورد له‌و رووبه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ تیا هه‌ڵكه‌وتووه‌، بوونێكی‌ لاوازو پرژو بڵاوی‌ هه‌یه‌، هێشتا ئه‌وان له‌و ئاسته‌دا نین كه‌ به‌"ره‌وه‌ند" ناو ببرێن، كورده‌كان كه‌ به‌چه‌ند شه‌پۆلێكی‌ جیاوازو له‌كاتی‌ جیاوازدا روویان كردووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا‌و سه‌ره‌تاكه‌ی‌ له‌دوای‌ كاره‌ساتی‌ 1975ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، زۆربه‌یان له‌ویلاته‌كانی‌ تێنیسی‌‌و ته‌كساس‌و كالیفۆرنیا‌و ڤێرجینیا‌و جۆرجیا‌و كۆنێكتیكه‌تدا نیشته‌جێن.
كورده‌كانی‌ نیشته‌جێی‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌هه‌ر چوار پارچه‌‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ روویان له‌ئه‌مه‌ریكا كردووه‌، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك وەک کورد چالاك‌و كۆك نین‌و زیاتر به‌ململانێی‌ حیزبییه‌وه‌ گیرۆده‌ن، زۆربه‌شیان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌واشنتۆن له‌ئاستی‌ پێویستدا كار ناكات.
كورده‌كانی‌ نیشته‌جێی‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌هه‌موو كه‌سێك باشتر له‌وه‌ تێده‌گه‌ن واشنتۆن ئه‌و پایته‌خته‌یه‌ چاره‌نوسی‌ زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ دونیای‌ لێوه‌ دیاریده‌كرێت، له‌م روانگه‌ گرنگه‌وه‌ ئایا ئه‌وان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگ بهترامپ‌و کۆمارییەکان ده‌ده‌ن یان هاریس‌و دیموکراتەکان‌؟
ئاوێنه‌ ئه‌م پرسیاره‌ی‌ ئاڕاسته‌ی‌ "شادمان عه‌زیز رۆسته‌م" كرد كه‌ ساڵانێكی‌ زۆر له‌كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر كاری‌ كردووه‌و ئێستا نیشته‌جێی‌ ویلایه‌تی‌ ڤێرجینیایه‌‌و توێژەری بواری زیرەکی دەستکردەو له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ ره‌وشی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات، ئه‌و وتی‌ "کورده‌کانی نیشته‌جێی ئه‌مریکا تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ گرووپی به‌رژه‌وه‌ندی دروست بکه‌ن له‌چه‌شنی پێکهاته‌کانی تر. تا له‌رێیه‌وه‌ بتوانن ئه‌جێندای خۆیان له‌به‌رنامه‌ی یه‌کێک له‌‌‌‎پارته‌ رکه‌به‌ره‌کان جێبکه‌نه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌کی رێکخراو ده‌نگبده‌ن به‌و لایه‌نه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌پارێزێت".

وتیشی "لەراستیدا ھیچ ئامارو ئاماژەیەک نیە تا بزانین زۆرینە لایەنگری کام کاندیدی سەرۆکایەتی‌و کام پارتن، ھیچ رێکخستن و سەکۆیەکیش نیە کوردەکان پێکەوە کۆکاتەوە یان گرنگیان پێبدرێت لە لایەن کاندیدەکانەوە. بۆ نمونە ترامپ گرنگی  بەکلدو ئاشوریەکان  داوەو توانیویەتی سەرنجیان بەلای خۆیا راکێشێ، بەڵام  بۆ کورد ئەوەندەی من  ئاگادار بم وەک تاک لایەنگیری دەکەن چونکە ئەجێندای کام لەپارتەکان شتێکی وای تیا نیە کە ئاراستەی دەنگدەری کورد بەلایەکدا دیاری بکات".

ئەمە لەکاتێکدایە کە بێجگه‌ له‌و رۆڵه‌ی کورد له‌عێراقدا بۆ ئه‌مریکا ده‌یگێرێت، له‌سوریای پڕ له‌ئاڵۆزیی‌و تورکیای هاوپه‌یمانی ئه‌مریکاشدا بکه‌رێکی ئه‌کتیڤن‌، که‌ ده‌بوایه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شی خۆی بایه‌خی پێبدرایه‌. به‌ڵام هیچ کام له‌پارته‌کان له‌هه‌ڵمه‌تی به‌رفراوانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا که‌ رووماڵی زۆربه‌ی بابەته‌کانیان کردوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی کورد ئاماده‌گییه‌کی بچووکیشی هه‌بووبێت له‌ناویانداو ئاماژە پێکرابێت. ئه‌مه‌ش تا ئاستێکی زۆر ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ناکارایی و په‌رته‌وازه‌یی کورد له‌ئه‌مریکا.
لایه‌نێکی تری نه‌بوونی یه‌کده‌نگی کورده‌کان بۆ ده‌نگدان به‌کاند‌یدێکی دیاریکراو، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ موخاته‌به‌ نه‌کردنیان له‌لایه‌ن پارتێکی دیاریکراوه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی که‌می رێژه‌ی کورده‌وه‌ که‌ کاریگه‌رییه‌کی نیه‌ له‌سه‌ر ئاراسته‌کردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان‌و نه‌بوونی سه‌رمایه‌داری کورد له‌ئه‌مریکا تا بتوانێت پاره‌ ببه‌خشێت بو هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان. له‌کاتێکدا ده‌نگده‌ری عه‌ره‌ب‌و جوله‌کهو به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌نگده‌رانی لاتینیش به‌رژه‌وه‌ندییاکانیان تا راده‌یه‌ک جێکراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رنامه‌ی پارته‌کاندا، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک پێکهاته‌ یان به‌شێکی به‌بایه‌خی کۆمه‌ڵگا موخاته‌به‌ ده‌کرێت. شادمان وتی "ئەوەندەی من ئاگادار بم هیچ شتێکی وا لە ئارانیە تا دەنگدەری کورد بەکاندیدو لایەکەوە وابەستە بێت، ئەو کوردانەی رەگەزپەرستن‌و دژی پەنابەرن ئەوا مەیلیان بەلای ترامپدایەو بەبیانوی ئابوری باش‌و دژایەتیکردنی بێگانە دەنگ بەترامپ دەدەن، ئەوانەشی زیاتر مەیلی کرانەوەیان ھەیەو بایەخ هەندێ بەپرسی مەدەنی دەدەن ئەوا لایەنگری کامالا ھاریسن". 

وتیشی "پێتان سەیر نەبێ کە نمونەی کوردی رەگەزپەرست‌و توندڕەو زۆر زۆرە لەئەمریکا کە دژایەتی مەکسیکی‌و ئەوانی تر ئەکەن، ئەوانە ھەموویان بێ سڵکردنەوە دەنگدەری ترامپن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×