"گەنجان سەریان کردوەتە فیللەرو بۆتۆکس"‌ 
  2024-11-19       3124       
جوانکاریی لەڕووی داراییەوە بارگرانیەکی زۆر لەسەر تاک دروست دەکات، بەهۆی گرانی نرخی بابەتە جوانکاریی‌و نەشتەرگەرییە جوانکارییەکانەوە

ئا: شەنگە دارا

 

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا به‌شێكی‌ زۆری‌ كوڕان‌و كچان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ریی‌ بۆ جه‌سته‌یان كه‌ هه‌ریه‌كه‌‌و بۆ مه‌به‌ستێك ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، دکتۆرێکی جوانکاریی دەڵێت "هەر کارێک کە دەستلێدان بێت(touch) چ بەدەرزی بێت یاخود ئامێرەکانی وەکو لەیزەر یاخود نەشتەرگەری جوانکاریی ئەگەری ئەوەی هەیە کاریگەری نەرێنی جێبهێڵێت".

 

بێ فلتەر ناتوانم وێنە بگرم

دکتۆر شاخەوان، پزیشکی پێست و جوانکاری ئاماژە بەوە دەکات کە جوانکاری لەدێرزەمانەوە هەر هەبووە، لەکوردستانیش هەبووە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ ئەم پسپۆڕیە جیاکرایەوە بەخوێندن‌و بەش‌و پسپۆڕی جیاوازو فێربونیش تایبەتکرا، دواتر خواستی خەڵک زیاتر بوو بۆ جوانکاری لەلایەن کەسانی پسپۆڕو تایبەتمەندەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "پاشان بەهۆی چاولێکەریهو کرانەوەی کوردستان بەڕووی دەرەوە، کە هاتوچۆ زۆر بوو جوانکاری زیاتر پەرەیسەند، خۆلێکچواندن بەکەسە ناودارەکان‌و ئەکتەرەکان دواتر پەرەسەندنی سۆشیاڵ میدیا لەلایەکی ترەوە هۆکارێکی گەورە بوون بۆ خواست لەسەر جوانکاری".

دکتۆر شاخەوان ئەوانەی سەردانیان دەکەن لەرووی تەمەنەوە دابەش دەبن بەسەر سێ تەمەنی جیاوازدا، ئەو وتی "گەنجەکان، لە٢٥ ساڵی بۆ ٣٥ ساڵی زیاتر بۆ بابەتی باوی سەردەمیانەی وەک فیلەری لێو، روومەت بەرزکردنەوە، چەناگە درێژ کردن، برۆ بەرزکردنەوە، بۆتۆکس بۆ چرچی ناوچەوان دێن. تەمەن مام ناوەند، لە٤٠ ساڵی بۆ ٥٥ ساڵی، زیاتر بۆ کێشەکانی زوو چرچ بوون‌و داکەوتنی دەموچاو، یان دەرهێنانی چەوری‌و دانانەوەی دێن".

وتیشی "بەشی سێهەم ەبەتەمەنەکانن کە زیاتر بۆ چارەسەری ئەو کێشانە دێن بارگرانییەک لەسەریان دروست دەکات وەک زۆر داکەوتنی پێڵوی چاوو گەورە بوون‌و شۆڕبوونەوەی ورگ".

دکتۆر شاخەوان ئەوە رووندەکاتەوە هەر کارێک کە دەستلێدان بێت(touch)  چ بەدەرزی بێت یاخود ئامێرەکانی وەکو لەیزەر یاخود نەشتەرگەری جوانکاریی ئەگەری ئەوەی هەیە کاریگەری نەرێنی جێبهێڵێت، ئەو وتی "کار گەیشتووە بەوەی هەندێک کەس ناتوانن وێنەی خۆیان بەسروشتی بگرن، بۆ نمونە هەبووە هاتووە بۆ لام وتویەتی بەفلتەر ڕاهاتووم‌و بەبێ فلتەر خۆم پێ قبوڵ ناکرێت، هەموو ئەوانەشی دێن نەشتەرگەری دەکەن بۆ ئەوەی شێوەی خۆیان بگۆڕن، خۆیان پێقبوڵ نیە بەو شێوە سروشتییەی هەن‌و دێت دەڵێ حەز ئەکەم لێوم ئەستورکەم‌و سنگم بەرز بکەمەوە".

وتیشی "تەنیا کلتوری ڕۆژئاوا نیە کە کاریگەری هەیە بەڵکو زۆرینەی کلتورەکانن وا دەکەن شتێک ببێتە باو، جا چ ڕۆژهەڵات بێ یاخود ڕۆژئاوا، بەڵام بەپلەی یەک سۆشیاڵ میدیا کارئاسانی بۆ ئەمە کردوە، بۆ نمونە کاتێک مۆدێلێک دەردەکەوێت‌و خەڵکێک لەخۆی کۆدەکاتەوە، کاریگەری دەبێ لەسەر تاکی کۆمەڵگا کە مادام ئەو کەسە پەسەندە لای کۆمەڵگاو تەماشاکەری زۆرە، منیش دەبێ لەو بچم، ئەمەش وا دەکات جوانکاری بکات".

 

سۆشیاڵ میدیای مرۆڤی کردووە بە کاڵا

کوردە باپیر، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ وەک بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ئارەزووی جوان دەرکەوتن‌و گرینگیدان بەخود دەکات، لەڕابردوشدا مرۆڤەکانی پێشتر جوانکاریان کردوە وەکو خاڵ کوتین‌و گوێ سمین‌و لوت سمین، ئەو وتی "بەڵام لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەهۆی کرانەوەی کۆمەڵگاو تێکەڵاوی کلتورە جیهانیەکان‌و ئەو بەرەو پێشچونەی لەتەکنەلۆژیاو ئامێرەکانی پەیوەندیکردندا ڕویداوەو جیهانی سەرمایەداری بەجۆرێک لەجۆرەکان مرۆڤی کردوە بەکاڵا بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ ئەم مەبەستەش پەنای بۆچەندین کاری جۆراوجۆر بردوە، بەجۆرێک دونیای سەرمایەداری پێوەری بۆ جوانی مرۆڤەکان داناوە لەڕوی شکڵیەوە بەچەندین جۆر پێماندەڵێت ئەگەر ئەم پێوەرانەت نەبێت تۆ جوان نیت".

وتیشی "بۆ ئەم مەبەستەش سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی نەرێنی دەبینێت لەم بابەتەدا لەچەندین ڕووەوە هەر لەنیشاندانی پێوەرەکانی جوانی‌و دواتر کارئاسانی کردن بۆ ئەو شوێنانەی کە کاری جوانکاری تێدا دەکرێت، دواتر هەر ئەوەندە دەستت تێکەڵبوو لەگەڵ بابەتەکانی جوانکاریدا هێواش هێواش دەبێتە بەشێک لەکەسایەتیت‌و وا خۆت دەبینیت کە کەموکورتیت هەیەو دەبێت ئەم کەموکوڕیە پڕبکەیتەوە".        

ئەم توێژەرە ئەوە رووندەکاتەوە کە دەگمەنن ئەو نەشتەرگەری‌و کاری جوانکاریانەی بۆ پێویستی ئەنجامدەدرێن، بەڵکو زۆرینەی ڕەهایان بۆ چاولێکەرییەو کەسەکە دەیەوێت لەچواردەور دانەبڕێت‌و بیسەلمێنێت کە ئەویش بەشێکە لەو دنیای جوانیەی  بۆمان دانراوە، ئەو وتی "بێگومان کاریگەری لەڕووی دەرونیشەوە دروست کردوە، ئەگەر کەسانێک هەبن توانای داراییان ئەوەندە باش نەبێت کە جوانکاری ئەنجام بدەن ئەگەری توشبوون بەنەخۆشیە دەروونیەکان زیاد دەکات، ئەمە لەسەرەتادا بەس بۆ خانمان ڕاست بوو بەڵام لە ئێستادا بەشێکی زۆری کوڕانیش بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنن‌و ئەوانیش پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو تێکدانەی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە".

وتیشی "کاریگەریەکانی جوانکاری فرەلایەنن، وەک لەڕووی دەرونیەوە متمانە بەخۆبوون لاواز دەکات، لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاو پێشکەوتنی کۆمەڵگاو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان هەیە، لەڕووی داراییەوە بارگرانیەکی زۆر لەسەر تاک دروست دەکات، بەهۆی گرانی نرخی بابەتە جوانکاریی‌و نەشتەرگەرییە جوانکارییەکانەوە".

 

چواردەورەکەم رەخنەیان لەروخسارم دەگرت منیش نەشتەرگەریم ئەنجامدا

ئیڤان، کە دەرچووی زانکۆیە ئاماژە بەوە دەکات کە ناچاریان کردووە ئەمیش بچێتە ریزی ئەوانەی جوانکارییان کردووە، ئەو وتی "بەڵێ جوانکاریی ئەنجامداوەو نەشتەرگەری جوانکارییم کردوە بۆ لوتم، چونکە توشی ڕەخنەی چواردەورم ببومەوە، بەهۆی ناشیرینی شێوەی لوتمەوە".

وتیشی "راستان ئەوێت هەموو خەڵک خەریکی جوانکاریی‌و فیللەرو بۆتۆکسە، من لەوەتەی کە جوانکاریی لوتم کردووە متمانە بەخۆ بوونم زیاتر بووەو بەکارێکی باشیشی دەزانم ئەگەر کەسێک پێویستی بوو نەشتەرگەری بکات لەلای کەسی پسپۆڕ".

 

کچان‌و کوڕان بەدوای بەرهەمی جوانکارییەوەن

ئەژی، دوکاندارێکی تایبەت بەکەرەسەکانی جوانکارییەو باس لەوە دەکات لەئێستادا خواست لەسەر بەرهەمە ئەوروپی‌و کۆریەکانی جوانکارتیی زۆر بووە، ئەو وتی "ئێستا ناوو کوالێتی بەرهەمەکان زۆر زیادی کردوەو خەڵک زیاتر بەدوای کوالێتی باشی بەرهەمدا دەگەڕیت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێست‌و قژ، بابەتە جوانکاریەکانی تریش وەکو مەیکەپ زۆر گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە لەچاو جاراندا، بڕاندو مارکەی زۆر پەیدا بووە، جاران ئەوەندەی گوێمان لێبووبێت کلی چاوو سوراو هەبوون، بەڵام ئێستا چەندان جۆر بەرهەمی جوانکاریی پەیدا بوون، کلتوری ڕۆژئاوا زۆر هاوکار بوون بۆ سەپاندنی ئەم کلتورە، چونکە زۆرینەی زۆری بەرهەمە جوانکاریەکان لەوڵاتانی ڕۆژئاواوە هاوردە دەکرێن".

وتیشی "ڕۆژێک خاتوونێک بۆ مەبەستی کڕینی پێداویستیەکانی سەردانی کردین‌و داوای سوراوی گەورەکردنی لێوی کرد لەبەرئەوەی فیللەر تێچووی زۆرترە، بۆیە سوراوەکە بۆ ئەو باشترە، ڕۆژانە توشی نمونەی وا دەبینەوە لەگەڵ کڕیارەکانمان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×