ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئاگادار نهێنی چوارەم پەیامی واشنتۆنی بۆ تاران لە ڕێگەی بەغداوە ئاشكرا كرد و وتی، واشنتۆن داوا تاران دەكات، ڕاوێژكار و هاوپەیمانەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە و پشێوی لە ناوچەكە درووست نەكات.
ئاوێنە: میدیا عەرەبییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە سەبارەت بە ناوەڕۆكی چوارەم پەیامی ئەمریكا بۆ ئێران لە ڕێگەی بەغداوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو ڕایدەگەیەنن واشنتۆن ڕێگەی بۆ هەندێك لە سیاسەتمەدارانی عێراقی خۆشكردووە بۆ گەیاندنی پەیامی جۆراوجۆر بە ئێران پەیوەست بە دۆخی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درووستكردنی كەشوهەوایەك بۆ ڕێگری لە گرژیی زیاتر، بەتایبەت دوای ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ تەلئەبیب.
ئاماژەی بەوەشكرد، واشنتۆن لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین پەیامی ناردووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ناوەڕۆكی پەیامی چوارەمە، كە تیایدا داوای لە تاران كردووە ڕاوێژكار و هاوپەیمانەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە، نەك پشێوی لە چەند ناوچەیەك درووست بكەن، هاووكات خۆیان لە دەستێوەردان بپارێزێت.
ڕوونی كردەوە، ڕووداوەكانی سووریا كە لە ٧٢ كاتژمێری ڕابردوودا سەریهەڵدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەوەی ڕوودەدات سیستماتیكە و لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە سووریادا دێت، سنوورداركردنی تواناكانی دەسەڵاتی ناوەندی لە دیمەشق، ڕەنگە نەخشەی ڕێگایەكی نوێ بێت، بە پلەی یەكەم ڕاستەوخۆ باڵەكانی بەرەی مەقاومە بكاتە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی سووریا لەناكا و هەڵگیرسا، ناتوانرێت ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەمریكا لە داڕشتنی وردەكارییەكانیدا ڕەتبكرێتەوە.
بۆ سێهەمین ڕۆژ لەسەریەك پێكدادانی توندی تەحریر شام هاوشانی چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لەدژی هێزەكانی ڕژێمی سووریا لە حەلەب بەردەوامە، بەپێی ئامارەكان تا ئێستا بەهۆی ئەو شەڕانەوە ٢١١ كەس لە هەردوولا كوژراوە، هەروەها ٢٠ هاوڵاتی مەدەنیش كوژراوە.