گریتا تونبێرگ، ناودارترین کچە چالاکوانی بواری ژینگەی سویدیو جیهانی داوا دەکات تورکیا رێز لەمافی کورد بگرێت، ئەو دەڵێت "تورکیا "تیرۆر" بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی کورد".
ئاوێنە: گریتا تونبێرگ لەنوسینێکیدا کە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بلاویکردوەتەوە، دەڵێت "لەم دواییانەدا بەباکوری کوردستاندا گەشتم کردووە، لەگەڵ هاوڵاتیانی کورد لەهەموو جۆرە باکگراوندێکی جیاواز کۆبوومەتەوە. چیرۆکی بێ ئەژماری ئەو ستەم و سەرکوتی سیستماتیکەی ئێستایان گێڕایەوە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە - بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە-، هەروەها مێژوویەکی پڕ لە کۆمەڵکوژییان دەگێڕایەوە".
دەشڵێت "لەناوبردن و تێکشکاندنی سروشت - وەک بڕینەوەی نایاسایی دارستانەکانو ئاگرکەوتنەوە- یەکێکە لەو ئامرازە زۆرانەی کە وەک بەشێک لەهێرشە بەردەوامەکانی دژی کورد بەکاردێت. زۆرجار ئەمەش دەبێتە هۆی وێرانکردنی کۆمەڵگە ئتنییەکان و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، سڕینەوەی فەرهەنگ و ناسنامە، توندوتیژی دەوڵەتی، زیندانیانی سیاسی، کوشتنی ئابوری و بێسەروشوێنکردن، ئەمانەش تەنیا چەند نموونەیەکن لەو هەڵاواردنەی کە مرۆڤ ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها بێبەشکردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی.
بۆ بنیاتنانی پردی ڕاستەقینەی هاوپشتی لەتورکیا، ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری بۆ ناوچە کوردنشینەکان زۆر پێویستە. گەلی کورد شایستەو مافی خۆیەتی پەرە بەژیان و کولتووری خۆی بدات".
تونبێرگ جەغت لەوە دەکات کە "تورکیا دەبێ بە چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووردا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کورد و گرووپە کەمینەکانی دیکە ڕوون بکاتەوە.
حکومەت بەردەوامە لە بەکارهێنانی "تیرۆر" وەک بیانوویەک بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی خۆی. دەیان هەزار کەسی چالاکی سیاسی بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەزینداندا راگیراون. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو ECHR، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردن ئەمەیان ئیدانە کردووە و داوای ئازادکردنیان کردووە.
تونبێرگ دەڵێت "بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و ئایندەیەکی دادپەروەر، دەبێت ڕێز لەمافی گەلی کورد بۆ ئازادی و ئۆتۆنۆمی بگیرێت و هێرشە توندوتیژەکانی دژی کوردستان کۆتایی پێبێت. تا هەموو کەسێک ئازاد نەبێت کەس ئازاد نییە. بژی کوردستان!".