وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمساڵدا هەزار و 19 تۆمەتباری بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرییان دەستگیركردون كە 49 كەسیان لە ڕهگەزی مێ بون، دەشڵێت، "دەستبەسەر سێ تۆن و 24 كیلۆ و 600 گرام مادەی هۆشبەر و 121 هەزار 330 دەنگ دەنك حەبدا گیراوە، هەروەها سلێمانی پاكترین هەمو عێراقە لەوڕوەوە."
ئاوێنە: سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری یەك ساڵی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكانی ئاشكراكردو ڕایگەیاند، بەڕیوەبەرایەتییەكە لەمساڵدا هەزار و 19 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە بازرگان و بەكارهێنەریان تێدابوە و 49 تۆمەتباریان لە ڕەگەزی مێ بون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ژماریەش 523 كەسیان بەگوێرەی ماددەی 30 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون كە بەكارهێنەربون، لەگەڵ ئەوەشدا 452 كەسی دیكەش بەگوێرەی مادەی 26 لە یاساكە دەستگیراون، كە بازرگان و دابەشكەری مادەهۆشبەرەكان بون، هەروەها 44 تۆمەتباری بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیركراون.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لەوەشكرد، لەماوەی ئەمساڵدا دەستیان بەسەر سێ تەن و 24 كیلۆ و 600 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی كریستاڵ، هێرۆین، تلیاك، كۆكاین، ئەسید، حەشیش و چەندان جۆری دیكەدا گرتوە، هەروەها ئەمساڵ دەستگیراوە بەسەر 121 هەزار 330 دەنگ دەنك حەبی مادەهۆشبەرەكاندا، لەگەڵ ئەوەشدا دەستگیراوە بەسەر كارگەیەكی مادەی هۆشبەردا كە لەسەرەتای دامەزراندنیدا بوە.
ئەوەشی خستەڕو، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەكان 23 چالاكی هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدات و توانیوەیەتی 25 تۆڕی ناوخۆی و نێودەوڵەتی مادەهۆشبەكان دەستگیربكات.
وتەبێژەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕونیكردەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و هەمو عێراق، سلێمانی و دەوروبەری بە پاكترین شار دەستنیشانكراوە لە ڕوی ماددەی هۆشبەرەوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردو بەكارهێنەرانی ئەو مادانە كەمیكردوە.