ئەو پردەی شاری دێرزوری دەبەستەوە بە گوندەکانی جزیرە لەسەر روباری فورات تەقێنرایەوە
  2024-12-13       1340       

ئەو پردەی شاری دێرزووری ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی دەبەستەوە بە گوندەکانی جزیرە لەسەر ڕوباری فورات، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات تێیدا باڵادەستن تەقێنرایەوە. 

ئاوێنە: تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی پردەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

پێشتر هەسەدە هەڕەشەی کردبوو، بۆ بەرگرتن لە پەلاماری گروپەکانی هاوپەیمانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوبەرێتی ڕۆژئاڤا ناچارن پەنا بۆ پەکخستنی ڕێگە سەرەکییەکانی پەڕینەوە بەرن.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، پردەکە لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە بۆردومان کراوە و تەقێنراوەتەوە.

سێ پردی سەرەکی بەشی ڕاستی ڕووباری فوراتیان دەبەستەوە بە بەچی چەپیەوە و بە تەقاندنەوەی ئەو پردەی ڕژێمی ئەسەد لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە دروستیکردبوو، هیچ پەیوەندییەک و ڕێگەیەکی پەڕینەوە لە نێوان هەردوو بەری ڕووبارەکەدا نەماوە.

ئەبو عومەر ئەلبوکەمالیی، چالاکی میدیایی لە ناوچەکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر پردەکە هەسەدە تەقاندبێتییەوە، ئامانجەکەی بڕینی ڕێگەی گروپەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام بووە بۆ ئەوەی نەگەنە ناوچەکانیان، ئەگەریش ئەمەریکا بۆردومانی کردبێت، ئەوا مانای زۆری هەیە و سادەترینیان ئەوەیە ئەمەریکا ئەو ناوچەیە بەجێناهێڵێت و ناوچەکە بە دەست هەسەدەوە دەمێنێتەوە.

لە سەروبەندی ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد، هێزەکانی سوریای دیموکرات پارێزگای دێرزووریان کۆنترۆڵ کرد و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە خێرایی لێی کشانەوە و گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەردا گرت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×