شەرم‌و دابونەریت ژنانی دهۆکی لەمیرات بێبەش کرد
  2025-01-20       1144       
ژنێک لەدهۆک خەریکی کولێرە برژاندنە

ئا: عەمار عەزیز

 

بەشێک لەژنانی دھۆک بەھۆی شەرم‌و دابونەریتی کۆمەڵگاوە داوای وەرگرتنی میرات لەخێزانەکەنیان ناکەن، پارێزەرێک دەڵێت "ئەوانەی ئەم ڕێسایە پەیڕەو ناکەن، پەیوەندیی براکانیان لەگەڵیان وەک جاران گەرم‌و گوڕ نابێت، وەک ئەوەی تاوانێکیان ئەنجام دابێت".

 

زەھرا (ناوێکی خوازراوە)، تەمەنی ٤٥ ساڵەو دانیشتوی دھۆکە، بەناچاریی واز لەمیراتی ماڵی باوکی دەھێنێت‌و بەشەکەی خۆی دەدات بەبراکانی، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە بووینە قوربانی دابونەریتی کۆمەڵگا، ئێمە چوار خوشکین، ھەر چوارمان ھاوسەرگیریمان کردوە، خوشکی گەورەم دەوڵەمەند بوو، وتی میراتم ناوێت، دواتر ئەوانەی تریش بەھەمانشێوە، منیش ناچاربووم ووتم ھیچ میراتم ناوێت !".

وتیشی "لەم ڕۆژەدا ھیچ کەسێک نیە پێویستی بەپارە نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەی سامانی خطزانەکەمان بۆ براکانم بچێت‌و لەئایندەدا دایک‌ یان باوک‌و براکانم لێم توڕەو زیز نەبن‌و پەیوەندیمان تێک نەچێت، بڕیارمدا میرات وەرنەگرم، دڵنیام ئەگەر وەرمگرایە براکانم بەدڵنیان نەدەبوو، کێشەش دروست دەبوو ".

زەهرا باس لەوە دەکات کە ئەم کێشەیە ڕەنگە بۆناوچەیەکی تر بەم شێوەیە نەبێت‌و بەپێی شەرع میرات دابەش بکەن، بەڵام بۆ بەشێک لەدەڤەری دھۆک‌و بادینان بەھۆی داب‌ونەریتەوە داواکردنی میراتیی بۆ ژنان "عەیبە"یە، ئەو وتی "بڕواناکەم ژنان بتوانن بەئاسانی ئەم رێچکەیە بشکێنن، ئەوە چەند ساڵە ھەر وا ڕویشتووەو بەردەوامیش دەبێت".

 

بەپێی یاسای ھەموارکراوی باری کەسێتی، کە پەرلەمانی کوردستان بەژمارە ١٥ لەساڵی ٢٠٠٨دا بڕیاری لەسەرداوە، خاوەنی میرات لەسەردەمی ژیانیدا بۆی ھەیە ماڵەکەی خۆی بەسەر میراتگرانی نێرو مێ بەیەکسانی دابەش بکات.

 

کارۆژ ئیسماعیل، ژنە پارێزەرە لەدھۆک، دەیان دۆسیەی میراتی لایەو زۆربەیان بەئاسانی یەکلایی نابنەوە، بەئاوێنەی وت "بەشی زۆری ژنانی دھۆک بێبەش دەکرێن لەوەرگرتنی میرات، ئەوەش بەھۆی چەند دابونەریتێکی کۆمەڵگا، لەسەدا سەد دڵنیام ئەو ژنانەی میراتیان وەرگرتووە باوک‌و برا قسەیان لەگەڵ ناکەن، لای ئەوان وەکۆ ئەوەیە تاوانێکی گەورەی ئەنجام دابێت، ئەمەش رێک پێچەوانەی شەرع‌و یاسایە".

" وتیشی "ئێستا دۆسیەکەم لایە ژنێک لەدھۆک بێبەش کراوە لەمیرات، کە بەشەکەی بە ٨ دەفتەر دولار دەخەمڵێنرێت، خۆی لەگەڵ پیاوەکەی بەردەوام ھاتۆچووی دادگا دەکەن تا بەشەکەی خۆیان وەربگرن، لەھەمانکاتدا ژنێکی تر کە زۆر نزیکی منە ئەوە دەیانجارە پێیدەڵێم بەشەکەت وەربگرە بۆخۆت ئۆتومبێل‌و ھەر شتێکی کە دەتەوێت بیکڕە، بەڵام دەڵێت من ئەو سامانە وەرناگرم کە دواجار براکانی خۆم لەدەست بدەم".

ئەو پارێزەر گەشبینە کە لەچەند ساڵی ئایندەدا ھەموو ژنانی دھۆک داوای میرات دەکەن، چونکە ئێستا ژنان ھاوشێوەی پیاو ئیش دەکەن، دەزانن پارە چەند بەزەحمەت پەیدا دەکرێت‌و ئەوانیش وەکو براکانیان دەیانەوێت میرات وەربگرن، کارۆژ وتی "پێش چەند ساڵێک ئەگەر کچێک یاخود ژنێک پانتوڵێکی لەبەر کردبا ھەموو کەس بەچاوی عەیبە سەیری ئەو ژنەیان دەکرد، بەڵام ئێستا بووەتە شتێکی ئاسایی، دڵنیام میراتیش وای لێدێت، ژنان ئێستا زیاتر چاوکراوەترن‌و ستەم قبوڵ ناکەن، ھەندێک پێیانوایە ئەگەر ژن میرات وەربگرێت ئەوە شکاندنی دابونەریتی کۆمەڵگایە، من دەڵێم نەخێرو مەرج نیە ھەموو دابونەریتی کۆمەڵگا باش بێت، ئێمە دەتوانین دابونەریتە خراپەکان وازلێبهێنین‌و بیگۆڕێن بۆ شتێکی باشتر".

 

بەپێی شەریعەتی ئیسلام، کە لەھەرێمی کوردستان‌و عێراقیش کراوەتە بنچینە بۆ دابەشکردنی میرات، ئافرەت نیوەی بەشی رەگەزی نێری بەردەکەوێت. لەم روانگەیەوە کۆمەڵناسێک پێیوایە دەبێت داوای مافی خۆی بکات.

 

شەھلا رێکانی، کۆمەڵناس لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "ھەرچەندە سمینارو ورۆکشۆپ‌و چالاکی پەیوەست بەم بابەتە بکرێت، ئەوەندە سوودی نییە کە ژن خۆی ئەم ستەمە قبوڵ نەکات‌و خۆی داوای وەرگرتنی بەشە میراتی خۆی بکات، چونکە ئەمە شتێکی شاراوە نیە ھەموو کەسێک دەزانێت ژن مافی ئەوەی ھەیە میرات وەربگرێت، بەڵام بەربەستەکان تەنھا چەند دابو نەریتێکی کۆمەڵگان".

وتیشی " دەیانجار مامۆستایانی ئایینی لەگوتارەکانی خۆیان باسی ئەم بابەتەیان کردوەو ئامۆژگاری خەڵکیان کردوە ژنان بێبەش نەکەن لەوەرگرتنی میرات، بەڵام دیاردەکە ھەر ماوە، بۆیە دەبێت دواجار ھەر ژن خۆی بڕیار بدات، ئەگەر لەھەر شوێنێک ژنێک میراتی خۆی وەرگرت ئەوا دەبنە رەچەشکێن‌و وردە وردە ژنانی تر بەھەمانشێوە میرات وەردەگرن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×