تاوانێكی قێزەون لە شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەنگدانەوەی لێكەوتەوە
  2025-01-21       457       

دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی شەش ساڵان لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە و داواکاری گشتیی ورمێـش دەڵێت، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیر کراوە.

ئاوێنە: رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری بۆکانی سەربە پارێزگای ورمێ، کچێکی تەمەن شەش ساڵ بەناوی نیان چەلەبیانی لەلایەن باوکییەوە گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی شارەکە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە دیاربووە، دوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

دواتر دەرکەوت کە ئەو منداڵە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و ئازار و ئەشکەنجە دراوە، ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی لە شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە.

لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری ناسر عەتەباتی داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ بڵاویکردووەتەوە، “ئەو کەسەی دەستدرێژی کردووەتەسەر منداڵەکە، برای ژنێکە کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ باوکی منداڵەکە هەبووە و دەستگیر کراوە”.

هاوكات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە و براکەی لە منداڵەکیان داوە و ئازار و ئەشکەنجەیان داوە بۆ ئەوەی نهێنی پەیوەندیی لەگەڵ باوکی، ئاشکرا نەکات.

بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ساڵێکە دایک و باوکی ئەو منداڵە لەیەکتر جیابوونەتەوە کە نیشتەجێی گەڕەکی کەلهوڕ ئاوای بۆکانن، ئەو کەسەشی دەستدرێژی کردووەتەسەر منداڵەکە، کوڕێکی تەمەن 19 ساڵی خەڵکی سەقزە، جگە لەو کوڕە، باوکی منداڵەکە و ئەو ژنەش کە پەیوەندی لەگەڵی هەبووە، دەستگیر کراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×