ساڵح موتڵەگ، سەركردەی دیاری سوننەو جێگری پێشوتری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 60 بۆ 70 هەزار عەرەبی سوننە لە زیندانەکانی عێراقدان و بەشێکی زۆریان لەژێر فشاردا دانیان بە تاواندا ناوە. جەختیش دەكاتەوە كە ئەگەر یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی زۆر گەورە ئەنجام دەدرێت.
ئاوێنە: ساڵح موتڵەگ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"60 بۆ 70 هەزار دەستگیرکراو ژمارەیەکی زۆر گەورەیە، بڕیاری ڕاگرتنی یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەرچەندە کاتییە، بەڵام خەڵک پەلەی ئازادکردنی ڕۆڵەکانیەتی چونکە دەستگیرکراوەکان لە دۆخێکی خراپدان."
وتیشی"خەڵک زۆر توڕەیەو توڕەییەکە پەنگی خواردوەتەوە، لەسەر حسابی یاسای لێبوردنی گشتی خەڵکی تریش ئازاد دەکرێت، لە ڕاستیشدا ئەو کەسانەی بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد دەکرێن لەبنەمادا تاوانبار نین."
ڕۆژی 21ی مانگی رابردو پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی کە خواستی عەرەبی سوننە بو، یاسای هەمواری باری کەسێتی کە خواستی شیعەو یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیانی پەسەندکرد کە خواستی کوردبو، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق بە فەرمانێکی وەلائی کارکردنی بەو سێ یاسایە ڕاگرت.
فەرمانە وەلائییەكە، پەردەی لەسەر ناکۆکی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هەڵدایەوە، بەتایبەت ئەنجومەنی دادوەری دادگاکانی پابەندکرد بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی لەکاتێکدا دادگای فیدراڵی فەرمانەكەی بە پابەندکەر ناوبرد.
ساڵح موتڵەک وتیشی،"زۆربەی خەڵک پێیانوایە ڕۆڵەکانیان لە دۆخێکی تەمومژاویدا دەستگیرکراون و لەژێر فشاردا دانیان بە تاواندا ناوە، دانپێدانانەکانیان ڕاست نین و لەسەر ئەم بنەمایە دادگایی کراون، بەشێکی زۆریان سزای لەسێدارەدان و بەشێکی تریان سزای زیندانیکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکراوە، ئەم سزایانە زۆر قورسن."
ئەوەشی خستەڕو"خەڵک پێیانوایە زوڵمێکی گەورە لە ڕۆڵە زیندانیکراوەکانیان کراوەو چەندین ساڵە لە دۆخێکی خراپ و کارەستباردان لە نێو زیندان، زیندانییەکان ڕوبەڕوی سوکایەتی پێکردن بونەتەوە."
ساڵح موتڵەگ جەختیشیكردەوە"گەر یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی زۆر گەورە ئەنجام دەدرێت دژی ڕاگرتنی یاساکە، ئەمەش لە قازانجی سەقامگیری عێراق و پرۆسی سیاسی نییە."
وتیشی"دەبێت بە عەقڵ و سیاسەت و حیکمەت کار بۆ پاراستنی سەقامگیری عێراق بکەین."