چوار هاوڵاتیی کورد سزای لەسێدارەدان و زیندانیی کردنیان بۆ دەرچوو
  2025-02-10       395       

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی كردەوە، سزادانی دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە درێژەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، چوار زیندانیی سیاسیی کورد سزای زیندانی و لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، دەشڵێن، ئەو كەسانە لە ژێر ئەشکەنجەدا بە زۆرەملێ دانپێنانیان لێوەرگیراوە.

ئاوێنە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند دادگاییکردنی چوار زیندانیی سیاسیی کورد، کە خەڵکی شارەکانی بۆکان و بانەنن لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی تایبەت بەگەنجانی ورمێ بەڕێوەچوو، کە ئەو كەسانە لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی”ن.

 پژمان سوڵتانی تەمەن ٣٢ ساڵ سزای لەسێدارەدان، ڕزگار بەیگزادەی بابا میری تەمەن ٤٧ ساڵ بە ١٥ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیکردن و عەلی قاسمی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانییکردن سزایان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام کاوە ساڵحی تەمەن ٤٢ ساڵی ئەستۆپاکی پێی ڕاگەیەندراوە.

دەشڵێن، ئەو هاوڵاتییە کوردانە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” خراوەتە پاڵیان و لە ژێر ئەشکەنجەی توندی وەزارەتی ئیتلاعات بە زۆرەملێ دانپێنانیان لێوەرگیراوە.

جێگای ئاماژەیە، هەر بە پێی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ١٢ هاوڵاتیی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، هەروەها ٦٨ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد دەستبەسەر کراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×