سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پارتیو یەکێتی لەرێککەوتندان بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکبهێنرێت، ئەو دەڵێت "سەردانی شاندی ئیمرالی بۆ لای بارزانی لەسەر پێشنیاری ئۆجەلان بووە".
ئاوێنە: فازڵ بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی لەبارەی سەردانەکەی شاندی ئیمرالی بۆ کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حزبەکەی و یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان تایبەت بە ئاوێنە دەڵێت "ئەوەی ئاگادارم، شاندەکەی ئیمرالی پەیامێکی بەڕێز ئۆجەلانیان پێیە بۆ بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و تاوتوێیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کە ئەمەش خاڵێکی ئێجگار گرنگە".
وتیشی "ئێستا جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنابی نێچرڤان بارزانی زۆر سەرقاڵی ئەو بابەتەن ھەم لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ھەم لەگەڵ دەم پارتی بۆ بابەتی بەرەوپێشچوون و پەکنەکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو چارەنوسی کورد و کوردستانی باکوور".
لەبارەی ئەوەی تاچەند لەسەر خواستی ئۆجەلان شاندی ئیمرالی سەردانی بارزانی کردووە؟ بەشارەتی ئاشکرایکرد "بەدڵنییاوە، پەیامەکە ھی ئۆجەلانە وەفدەکە ئەو پەیامەیان پێیە لەگەڵ جەنابی مەسعود بارزانی تاوتوێی دەکەن، چونکە پێموایە پەیامەکە زۆر بابەتی دیکە لەخۆدەگرێت و زۆر فراوانترە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "لەماوەی پێشوو بارزانی مەزڵوم عەبدی بانگھێشت کرد بۆ ھەولێر، ئەمانەش کۆمەڵێک بابەتن پێکەوە گرێدراون بابەتەکەش یەکجار گرنگ و چارەنوسسازە بە نسبەت پڕۆسەی ئاشتی لە کوردستانی رۆژئاواو باکور، بۆیە جموجوڵێکی گەورە و گرنگ ھەیە. بەڵێ ئەم وەفدەی دەم پارتی ئەوەی من دەیزانم لەسەر پێشنیاری ئۆجەلان دێنە ھەرێم بۆ تاوتوێکردنی پڕۆسەی ئاشتی ھەم لە کوردستانی باشور و کوردستانی رۆژئاوا".
لەسەر ئەوەی پەیامی ئۆجەلان چیدەبێت بۆ بارزانی و بەپێچەوانەشەوە؟ بەوتەی ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان "ئەم دەرگایەی ئێستا کراوەتەوە لە تورکیا پێویستە ھەموولایەک گرنگی پێبدات لەکوردستانی باشور و رۆژئاوا لە باکوریش، ئێستا وەکو دیاریترین کەسی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەگشتی جەنابی سەرۆک بارزانییە پرس و راوێژی پێدەکرێت ھەم نەتەوە یەکگرتووەکان راوێژی پێدەکەن ھەم ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکەش، ئەمەش بنەڕەتێکی گرنگە بۆ دانانی بناغەیەکی بتەو بۆ پڕۆسەی ئاشتی".
ئاوێنە پەیوەست بە پۆستی سەرۆک وەزیران دەپرسێت کە دەوترێت داوای ئەو پۆستە بۆ مەسرور بارزانی دەکرێت و تاچەند یەکێتی قایل بووە؟ فازڵ بەشارەتی وتی "ئەگەر پارتی و یەکێتی بەتەواوی گەیشتبنە ئەو بڕوایەی کار بەیەکەوە بکەن ھەموو لایەکمان خاوەنی ھەموو پلە باڵاو پلە بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبین، لەھەمانکاتیشدا لە رووەکەی دیکەوە سەیری بکەین ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان لەراستیدا پۆستەکانی دیاریکردووە لە کوردستاندا، بەڵام ھەموو کاتێک لەپاش ھەڵبژاردن پارتی و یەکێتی زیاتر روویان لەرێگەی لێکتێگەیشتن کردووە".
بەشارەتی ئاماژە بەوە دەکات کە پەرتیو یەکێتی لەرێککەوتندان بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکبهێنرێت.
لەبارەی ئەوەش تا چەند راستە پێش نەورۆز کابینەی دەیەم پێکدەھێنرێت؟ فازڵ بەشارەتی رونیکردەوە "ئومێدەوارم وا چاوەڕێ دەکرێت، چونکە دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زۆر بەشێوەیەکی باش و دۆستانە بەرەو پێشدەچیت، ئێمە ھەموو ھەفتەیەک لەچاوەڕوانی پێکھێنانی کابینەی دەیەمین، چونکە ئەوەی دەیبینین لەراستیدا کە مایەی دڵخۆشییە ئەو حەساسێتەی لەسەدا ٧٠ نەماوە".