مازن سیروان بارزانی: کێشەی کۆڕەک لەگەڵ قەزیەی کوردە
  2025-02-20       659       

مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری بە بازاڕكردنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم دەڵێت، ئێستا بەهەمووی ئەوەی سەپاندوویانە بەسەر كۆڕەكدا ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلارە، ئەوە سەپێندراوە بەسەرماندا نابێت كۆڕەك بیدات، بەڵكو كۆڕەك دەبێت داوای قەرەبوو بكات.

ئاوێنە: لە چاوپێکەوتنێکیدا مازن سیروان بارزانی رایگەیاند، هەموو ساڵێك باجمان داوە تەنیا لە دوو ساڵی رابردوو نەبێت، هەموو بانكێكیان داخستووە بەسەر كۆڕەكدا ئیتر كۆڕەك چۆن پارە بدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە رازی بووین پارەكە بدەین بەڵام بەو مەرجەی بۆ چەند ساڵێك دوابخرێت. بەڵام كێشەكە زۆر روونە كە كێشەیەكی سیاسیە  تەنیا دژی كۆڕەك نییە، دژی كوردە؛ دژی ئەوەیە كە كۆمپانیایەكی كوردییە".

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم حەوت ملیۆن بەشدار بووی هەیە  لە سەرانسەری عێراق، ناوبراو دەڵێت، "هەر بۆیە زیانێكی زۆرمان كردووە، زیانێكی زۆریان لە سومعەی كۆڕەك داوە، بەڵام كۆڵنادەین و بەردەوام دەبین."

دووپاتیشیکردەوە، "کێشەی کۆڕەک لەگەڵ قەزیەی کوردە، تا قەزیەی کورد چارەسەر نەکرێ، کێشەی کۆڕەکیش چارەسەر نابێت، ئێمە كۆڵنادەین وەك چۆن كورد كۆڵی نەداوە."

مازن سیروان بارزانی دەشڵێت: "ئەوەندەمان كۆبوونەوە كردووە و قسەمان كردووە هەر گێژ بووین، بەڕاستی ئیستفزازی كۆڕەك تیلیكۆم دەكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×