هێمن عەبدولقادر
..................
(ئێمە حالییەن ، لەبەردەم ماڵی کوژراوەکەین ، وا لەگەڵ ئەمبوڵانسەکە ئەڕۆین بۆ پزیشکی دادوەری ، ئێستا لەوێوە دەرەچین بۆ سەر قەبران ، ئێستا ڕاستەوخۆ مەیتەکان ئەخەنە ناو گۆڕەکەوە) ئەم میدیایەی کە زیاتر لە (نەکیر) و (مونکەر) لێپرسینەوە و بەشوێن تەرمەوەن ، زیاتر بەشوێن هەواڵ و زانیارییەوە نین
ڕاکردنی دوو مەیموون لەگەڕەکێکدا ، دەرچوونی ئایفۆنێک لە کەناڵێکەوە بتوانێت ببێتە هەواڵ و ملیۆنان کۆمێنت و بینەر بۆخۆی کۆبکاتەوە ، حەتمەن کوشتنی ئینسان زۆر سەرنج ڕاکێشترە.
خەفەتە گەورەکە ئەوەیە ، زوو زوو لەم کەناڵانەوە ئەوە دەدەن بە گوێمندا کە فڵانە پێشکەشکار و فڵانە بەڕێوبەری کەناڵ و فڵانە پەیامنێر ، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری ڕاگەیاندن ، یاسا ، کۆمەڵناسی و ...هتد بەدەستهێنا ، هەر ئەم بڕوانامانە نەیانتوانیوە وا لە کەناڵێک بکەن و بپرسن ، ئەرێ بۆخاتری خوا ئەوە چ زەوق و سەلیقەیەکە پەیامنێر بکەوێتە شوێن ئیسعاف ؟ ئەرێ بۆخاتری خوا ئەوە چ شارەزاییەکە کە هێشتا تیمەکانی (بەڵگەی تاوان) نەگەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەکە کەچی پەیامنێر (شریتی زەرد و سوری) لێدراوی (شانۆی تاوان دەبڕێت) و وێنە بۆ خەڵک دەگوازێتەوە ، ئەرێ بۆخاتری خوا ئەوە چ ئەکادیمیایەکە کە (قەوانی فیشەک) بەدەستی پەیامنێر و خەڵکەوە بێت ، هێشتا پەنجە مۆری هەڵنەگیراوە ؟
.......................
چاو ئەپۆشین لەوەی کە میدیای کوردی لەسەر بەر بنەمای لێو و سمت و پەیوەندی و خزمایەتی وحیزبایەتی ، کادیرەکانی هەڵدەبژێرێت ، بەڵام چاو ناپۆشرێت لەوەی کە بپرسین ئەرێ لەکوێی دونیا هەبووە ، کەسوکاری قوربانی لەژێر خێمە و لەسەر قەبران بهێنی لێدوانی لێوەرگریت ، کونە پەپویەک ئەگەر بێچووەکەی بمرێت (دوو ڕۆژ بەدیارییەوە هەڵئەکوڕمێت) هەستت چۆن بوو دایکت کوژرا ؟ رەوشی کەسوکارەکەی چۆنە ؟ ئەم پرسیارە سەخیفانە و هەزاران سەخافەتی تر بەشێکە لەو شۆک و ترسەی کە میدیای (سۆنسەرکراوی کوردی) بە ئاگایەنە و بێگوێدانە زەوقی گشتی و لایەنە زانستیەکەی بە گوێی هەمووماندا دەدات.
(شۆک و فشاری پاش ڕووداو - Post traumatic stress disorder) بابەتێکە کە تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە شاهیدی ڕووداوێکی تراژیدین ، ئەمانە بەگوێرەی قەبارەی ڕووداوەکە ، پێویستیان بە چەندین هەفتە و چەندین ساڵ ڕاهێنان و ئارامی هەیە تا بگەرێنەوە پێش ڕووداوەکە و ببنەوە بە مرۆڤێکی ئاسایی. عەجەبا تۆ بێی لێدوان لەمانە وەرگریت و بیکەیتە کەرەستەی کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و ڤیو بەبێ ئەوەی گوێ بەهیچ کام لەو ئیتیک و ئەخلاقیاتانە بدەیت کە چوارساڵ لە کۆلێژ خوێندووتە و سوێندت لەسەری خواردووە.
هانا ئارێنت وەک ژنە ڕۆژنامە نووس و فەیلەسوفێک ، تەواوی دادگایکردنی (ئایخمان) ئەفسەری بەرپرسی کۆمەڵکوژی نازییەکان دەخاتە ژێر پرسیاری قوڵ و گەورەوە ،ئەگەر جولەکەکان تەنها شانازی بەوەوە بکەن کە (ئایخمان) دادگایی دەکەن و سزای مەرگی لە ڕووی فیزیکیەوە بەسەردا دەدەن ، هانا ئارێنت بە پرسیارە قوڵ و شۆکهێنەرەکانی تەواوی سیستەمی نازیەتی لە ڕووی مەعنەوییەوە لە سێدارە دەدات
هەر لەبەر ئەوەیە (محمد حسنین هیکل) دەیگوت :- (ڕۆژنامە نووس دەبێت فەیلەسوف بێت) نەک تەرم گوێزەرەوە و گۆڕهەڵکەن و یانسیب دەرچێن و شتی قۆڕ و لابەلا ، قسەی پیاوێکی پیری بەد بەخت کە بەهۆی توڕەیی و نادادی لەسەرەی خانەنشینیدا لێدوانێک دەدات و دەبێتە گاڵتەچی پەیجەکان.
....................
ژنێک کوژرابوو لە یەکێک لە ناوچەکان ، خزمەکان خەریکی نووسینی بەیاننامە و لێدوانی ڕۆژنامە نووسی بوون پێش شۆردن و کفن کردن و ناشتنی لە ترسی میدیا ، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئافرەتەکە لەسەر کێشەی ژن و مێردایەتی کوژراوە نەک کارێکی تر ، جاران خەڵک کەسێکی ئەمرد یان توشی ڕوداوێک ئەبوو ، خزمەکان کۆئەبوونەوە ئەرکی دڵنەوایی و گۆڕ و تێچووی پرسەیان ئەگرتە ئەستۆ و لایەنەکەی تریش دوو سێ ڕیش سپی خۆیان ئەهاویشتە سەر بەرماڵی ، ماڵی قوربانییەکە ، تا قوربانی زیاتری لێنەکەوێتەوە.
ئێستا ئەبێت تیمێک لە خزمان دروست بکەیت تەنها بۆ لێدوان و وەڵامدانەوەی ئەو لە شکرە لە میدیا و مایک بەدەستی کورد تەنها بۆ ئەوەی کێشەکە بە ئاراستەی لێکدانەوەی خەڵکدا نەبەن.
.................
ئەمە ماڵی کوژراوەکەیە ؟ ئەمە دواین پۆستی بکوژەکەیە ؟ ئەمە کچی کوژراوەکەیە ؟ ئەمە خاڵی مناڵەکانیەتی ؟ ئەمە مۆبایل و مستیلە و سەیارە و داروبەردی بنەماڵەکەیە ؟
ئەمڕۆ کە ئەمریت پزیشکی دادوەری (توێکاری)بۆ لاآشەکەت ئەکات و ، میدیا و میدیاکاریش بۆ مۆبایل و پۆست و ماڵ و ژووری میوان و ئایندەی مندالەکانت ! ئەمڕۆ کە تیا ئەچیت ، پێش ئەوەی لە گۆڕدا لێت پرسن خودات کێیە ؟ میدیاکاری کورد وەڵامی هەموو پرسیارەکانی قەبر و دادوەری و ڕابردووی پەنجا ساڵی بۆ داوەتەوە.
پێش ئەوەی یاسا و دادگا چەکوشەکەی بکێشێت بە مێزەکەیدا ، لێت دەپرسن ، تۆ پێت باشە چی لە تاوانبار بکرێت.
ئەرێ کەسێک ناپرسێت ، خانووی ئەو مالە لەو کۆڵانە دەبێتە مۆنۆمێنتی کوشتن ؟ ئەرێ کەسێک ناپرسێت ، مناڵێکی بەد بەخت کە لە قوربانی و تاوانبار جێدەمێنێت ، چ گوناهێکیان کردووە؟ ئەرێ برایەک خوشکێک ، دایکێک کە هیچ تاوان و هەلەیەکیان نییە چۆن دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵک ؟ مەگەر خوای گەورە نافەرموێت (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰ) هیچ کەس گوناهی کەسێکی تر هەڵناگرێت ، مەگەر نازانن بەم ڕوماڵانەی ئێوە ، جەند منداڵ ناتوانن بچنەوە قوتابخانە و زانکۆ و شوێنی کاریان ؟ مەگەر ناپرسن ئەوەی بکوژێک بە دەمانچە کارەساتێک ئەنێتەوە ، هیچی کەمتر نییە لەوەی ئێوە بەزمان و مایک و بەرنامە و ڕومالەکانتان سەدانی تر دەکوژن ؟
......................
(هەبوونی جەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لە ژووری میوان و دانیشتنەکەت دروست وەکو ئەوە وایە بۆریەکی گەورەی زێرابت هێنابێتە ماڵەکەتەوە) بۆیە بەڕاستی لەگەڵ ئەو پەڕی رێزدا بوێری و ڕووقایمیەکی زۆری ئەوێت دەرکەوتن و قسەکردن لەناو میدیای کوردی و ئەو زێرابە گەورەیەی کە هەموو پاشماوە و تراومایەک دەهێنێتە ناو ماڵ و زەینی ئینسانەوە.
حەمدی گوتەنی :-
(بۆ ڕەواجی خۆی ڕەواجی عالەم دەشکێنێت نەفام
حەق بکا، تەنها دەگاتە مەرتەبەی سەرداری دا)
بۆ لایک و ڤیو و کۆمێنت و ڕەواجی خۆیان گوێ نادەنێ میدیای کوردی نەفام چ کارەساتێکیان ناوەتەوە ، خۆ ئەگەر کاتێکیش باسی ئیتیکی کار و مۆراڵیتی و فۆبیا و تراوما و ترسیان لەگەڵ بکەیت ، هەیهو قەرزار باریشت ئەکەن ، خۆیان ئەبەنە ڕیزی بەئەخلاقترین و گەورەترین سەرچاوەی زانیاری.
میدیاکاری گەورە و زلەپەیامنێر و بەرنامەسازی زەخم و دونیا ،
کەچی بە هەواڵی شۆرت و لاقەکردن و حادیسەی سەیارە و کوشتن و چیرۆک گێڕانەوەی کەیسی خەڵک لەسەر تەلەفزیۆن دنیایان پڕکردووە.
نوقتە سەری دێڕ .....
..................................
١-لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ ئەوانەی پسپۆری خۆیانە و زۆر ئەخلاقیانە و بەرپرسانە کار دەکەن ، هەر خودی ئەم بەرپرسیاربوونەیان وایان لێدەکات کەمتر جێگەیان ببێتەوە و کەمتر بناسرێن ، لە ئێستادا تیکتۆکچییەک کە خەریکی سەرمەوقولات و خۆ ڕوتکردنەوە و شەڕە جنێوە ، بەرپرسیاریەتەکەی کەمتر و ئاسان ترە وەک لە پێشکەشکارێک کە هەموو شەوێک دوای بەربانگ ، ماڵ بەماڵ بەدوای چیرۆکی خەڵک دەگەڕێت و چەندین سەرمەوقولات و سوتانی دەروونی دەکاتە دەروونی بینەرەکانیەوە ، جگە لەوەی کە رەشکەیەکیان جگە لە قسەی بازاڕی و جوینەوەی بابەتەکانی تیکتۆکچییەکان هیچ زیادەیەکیان بۆ سەر کاری میدیایی نییە ، ئەوە با خراپی ئەداء و خوێندنەوە و تێکەڵکردنی چەمکەکان و کەمی ئاستی هۆشیاری و مەعریفیان لەولاوە بووەستێ ، کە هیچ دەزگایەک کاری بەوە نییە ، ئەوەندەی گرنگی بەوە دەدەن چۆن پێشکەشکارێک ، لەرێگەی قسە بازاری و نازانستیەکانیەوە ، بینەر بۆ تەلەفزیۆنەکە پەیدا بکات ، لە راستیدا ئەم بابەتە فرە رەهەندە و دەشێ لە گشت لایەنەکانیەوە قسەی لەسەر بکرێت ، بەڵام خەڵکی ئێمە حەوسەڵە و تاقەتی بابەتی جدی نەماوە بەقەد ئەوەی حەزی لە چیرۆک و بەسەر هات و کەیسی خەڵک هەیە
٢-جگە لەوەی من پێم خۆش نییە و حەز ناکەم بابەتی من لە هیچ دەزگا و کەناڵێکی بینرا و بیسترا و نووسراوی کوردی بڵاو ببێتەوە هیوادارم ئەم بابەتە وەڵامێک بێت بۆ ئەو بەڕێزانەی بەدرێژای مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و پێش ڕەمەزانیش داوای چاوپێکەوتن و سازدانی بەرنامەی تەلەفیزۆنیان کردووە ، بەڕاستی میدیای کوردی لەوە کەوتووە قسەی جدی و پرسی جدی تیا بکرێت و ڕوویەکی ئەوێت تیایدا دەرکەویت.
٣- لە هەموو دونیا ئەم شتانە بەیاسا رێک دەخرێت لێرە دامەزراوە یاسایی و دەستوری و میریەکان پڕکراون لەوانەی لەم فەوزایەوە دەرکەوتوون و رۆیشتوون کە هەر بەقەد تیکتۆکچی و راگەیاندنکارێکی بێسەلیقە لە دونیا ئاگادارن