کۆمەڵی دادگەری چەند داواکارییەکیان پێشکەش بە دادگای فیدڕاڵی کردووە و سەرۆکی فراکسیۆنەکەش، كە نەچوونەتە پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، دەبێت بەپێی یاسا ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە و کۆمسیۆن ڕۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری بکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەکی کۆمەڵی دادگەری لە شاری سلێمانی، عومەر گوڵپی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، كە هێشتا سوێندی یاساییان نەخواردووە و بڕیاریانداوە نەچنە پەرلەمان، چەند داواکارییەکیان پیشکەش بە دادگای فیدڕاڵی کردووە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکارییەكەی خستەڕوو: ئێمە سەدەیەک خەباتمان کرد، تاکو هەرێمێکی فیدڕاڵی و دەستووری و یاساییمان هەبێت، بەڵام بەداخەوە دوو حزبی سیاسی دەسەڵاتدار ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتدا قوربانی بە هەموو دەستکەوتەکانی کوردستان بدەن.
وتیشی: لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمە و حکومەت لەوێوە شەرعییەت وەردەگرێت، بە چەندین شێوە پەکخراوە، ئەویش لە ڕێگەی سەربازی و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەشێوەیەکی نایاسایی، هەروەها بە ڕێکنەکەوتن لەسەر یاساکانی هەڵبژارن.
دەشڵێت، ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیانی هەرێم بەرەو خراپی دەچێت، لە کاتێک، کە ئەوان نەوتیان بە بۆری و تەنکەر دەفرۆشت، نەیان دەتوانی مووچە دابەش بكەن، لە ئێستاشدا، کە مووچە لە بەغداوە دێت، کە نزیکەی ترلیۆنێک دینارە هێشتاش ناتوانن ئەرکە داراییەکانیان جێبەجێ بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو: هەڵبژاردن بەشێوەیەک دیزایین کراوە تاکو دۆخی کوردستان بەهەمان شێوە بمێنێتەوە، هەروەها تاکو پەرلەمانێکمان هەبێت، کە توانای چاودێریکردنی حکومەتی نەبێت، بەوهۆیەوە ئێمە دوێنێ چووینە دادگای فیدڕاڵی و سکاڵامان لەسەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە و داوام کرد، کە دادگا چەند بڕیارێک بدات.
لەسەر سکاڵەکە گوڵپی وتی: ئێمە داوامان کردووە، کە پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راسپێرێت، تاکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە هەمان بەرواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەڕێوەبچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت مووچە لەو ٩٧ پەڕلەمانتارە وەربگیرێتەوە، کە سوێندی یاساییان خواردووە، چونكە ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و خواستی خەڵکییە، هەروەها ئەگەر لە دوای ٤٥ ڕۆژ پەرلەمان کارا نەبوو بەجۆرێک، کە بتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، ئەوکاتە ئەو هەڵبژاردنە هەڵدەوەشێتەوە و کۆمسیۆن رۆژێک بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ دیاری دەکات.
لە كۆتاییدا دەڵێت، پێویستە هەموومان فشار بکەین، تاکو پەرلەمانێکمان هەبێت، کە نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵکی بکات، بۆیە ئێمە ئەم ڕێگەیەمان لەبەر خۆشگوزەرانی و ئایندەی خەڵکی کوردستاندا گرتووەتە بەر.