سبەی سودانی لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبێتەوە
  2025-05-07       221       

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری وەفدێكی باڵای عێراقی بەسەردانێكی رەسمی بگاتە ئەنقەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆببێتەوە.

ئاوێنە: فەخرەدین ئاڵتون، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتویەتی، سبەی پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە یاوەری وەفدێكی باڵای وڵاتەكەی بەسەردانێكی رەسمی دەگاتە ئەنقەرەو لە كۆشكی سەرۆكایەتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆدەبنەوە.

فەخرەدین ئاڵتون ئاماژەی بەوەشداوە لە كۆبونەوەكەدا، پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و هەروەها پێشهاتەكانی ئێستای ناوچەكەو جیهان تاوتوێ دەكرێن و كۆبونەوەی "ئەنجومەنی باڵای هاریكاری ستراتیژی نێوان توركیاو عێراق"یش كۆدەبنەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بڕیارە هەردولا ئیمزا لەسەر چەند رێككەوتن و یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن بكەن بە ئامانجی هاریكاریی نێوان هەردو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا وتوشیەتی، پێمانوایە سەردانەكەی سودانی، پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا، بەهێز دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×