بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆك رایگەیاند، یەکەم توشبوی تای خوێنبەربون لە دهۆک گیانی لەدەستدا.
ئاوێنە: د. سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی ئازادیی لە شاری دهۆک، بە میدیای پارتی وت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 10-05-2025، یەکەم توشبوی تای خوێنبەربون لە دهۆک گیانی لەدەستدا."
د. سەگڤان سلێمان، ئاماژەی بەوەش کرد "توشبوەکە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵی دانیشتوی ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی بوە. سێ ڕۆژ پێش ئێستا هاتە نەخۆشخانەکەمان، گومانی لێ دەکرا توشبوی تای خوێنبەربون بێت، پشکنینمان بۆی کرد و ڕەوانەی تاقیگەکانی بەغدامان کرد."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی وتیشی"ئێوارەی دوێنێ هەینی، 09-05-2025، ئەنجامی پشکنینەکانی ئافرەتە تەمەن 45 ساڵییەکە دەرکەوتن و ئاشکرا بو كە توشبوی تای خوێنبەربونە. دوای چەند کاتژمێرێکیش لە ئاشکرابونی ئەنجامەکان، گیانی سپارد."
ئەوەشی خستەڕو "بە گوێرەی زانیارییەکانمان، هیچ ئەندامێکی دیکەی خێزانی ئەو ئافرەتە توشبوی نەخۆشییەکە نین." وتیشی: دو هەفتە پێش ئێستا سێ هاوڵاتیی دیکە سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد و گومانیان لێ دەکرا توشبوی تای خوێنبەربون بن، بەڵام دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ کرا، دەرکەوت توشبوی ڤایرۆسەکە نین و گەڕێنرانەوە ماڵەوە.