سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستورەو داوا لە وەزارەتەكە دەكەین لە بڕیارەكەی پاشگەزبێتەوە.
ئاوێنە: سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ئەو رێكارە بەدڵنیاییەوە زیان بە هاوڵاتیانی هەرێم دەگەیەنێت و قەیرانێكی ئابوریی دروست دەكات.
جەختیشی كردۆتەوە كە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستورە كە مافی سەرجەم هاوڵاتیان لە تەواوی پارێزگاكان دەستبەردەكات.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داواشی لە حكومەتی عێراق كردوە كە پاشگەزببێتەوە لە بڕیارەكەی، بەتایبەت كاتێك نزیك دەبینەوە لە جەژنی قوربان.
هەروەك جەختیشی كردۆتەوە كە نابێت قوتی خەڵك و شایستەكانی پەیوەست بكرێت بە پرسە سیاسی و تەكنیكییەكانەوەو وتوشیەتی، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە و دۆسییەكان و چارەسەركردنی پرسەكانی نێوان بەغداو هەولێر.