ئیلهام ئەحمەد: سوریا لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆو قەیرانی گەورەدایە
  2025-05-24       218       

ئیلهام ئەحمەد، رایگەیاند "پاش ڕووخانی بەعس لە سووریا هێشتا کێشەکان چارەسەر نەبوون و دەستەی تەحریر شام تاکڕەوانە بڕیاردەدات‌و سووریا لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆیی و قەیرانی مەزندایە".

 

ئاوێنە: کۆنفرانسی "پرسی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لەئەسینای پایتەختی یۆنان بەردەوامە، لەکۆنفرانسەکەدا هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئیلهام ئەحمەد قسەی کرد.

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کێشەی ئابووری فشاری سەر ژنان زیاتربوون و چارەسەر نەبوون سووریا لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆیی و قەیرانی مەزندایە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەستەی تەحریر شام تاکڕەوانە بڕیاردەدات و بەشداری بە گەلان ناکات”.

ئیلهام ئەحمەد ڕاشیگەیاند ئەگەر دامەزراوەکانی دەوڵەت هەموارنەکرێنەوە، لە ڕۆژانی ئایندەدا گەل و باوەڕەکان ڕووبەڕووی مەترسی گرووپە جیهادییەکان و چەتەکانی داعش دەبنەوە، دووپاتی کردەوە، ئەگەر ئیدارەی سووریا پێداگربێت لەسەر مەرکەزییەت، ئەوا مەترسی شەڕی ناوخۆیی هەیە و پێکهاتەکان بڕیاری سەربەخۆ دەدەن.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد چەندین دەوڵەت گەمارۆیان لەسەر سووریا هەڵگرتووە، چاوەڕێ دەکەن ئیدارەیەکی دیموکراتیک دابمەزرێت کە هەمووان بگرێتەخۆ، بەڵام فشاری چەکدارە جیهادییەکان بۆ سەر ژنان زیاتر بووە و مافی ژنان پێشێل دەکرێت، جەختی کردەوە کە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی سووریا.

دووپاتیشی کردەوە، ناکرێت بگەڕێنەوە بۆ سیستەمی ڕژێمی بەعس و دەبێت سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێت. مەترسی داعش هێشتا ماوە، هێزی هەرە گرنگ بەرامبەر ئەم مەترسییە تەنها هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)ـیە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×