سلاڤۆی ژیژەک، لەوتارێکدا ئاماژە بەوە دەکات "لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچەکە هێدی هێدی بەنێو بەربەریەتێکی نوێدا ڕۆ دەچن، کوردەکان تاکە هیوا و ڕووناکیین، عەبدوڵڵا ئۆجالان؛ نیڵسۆن ماندێلای ئەم سەردەمەی ئێمەیە".
ئاوێنە: دەقی وتارەکەی سلاڤۆی ژیژەک:
لە جیهانێکدا کە دەنگ و قرمەی پێکدادانی چەکەکەکان تا دێت بەرزتر و بەرزتر دەبنەوە، ئەوا ڕێك لەو کاتەدا عەبدوڵڵا ئۆجالانی هێمای بەرخۆدان و شۆڕشی کورد، هاواری خۆی بۆ ئاشتیی وەک گرنگترین بانگەوازی ئەم سەردەمە بەرز دەکاتەوە.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە زمان خۆی نائومێدمان دەکات. میدیا گەورە و زەبەلاحەکان قۆناغە گرنگەکانی جیهان بە شێوە ڕیتۆریکێک وەسف دەکەن و ئاماژەی پێ دەکەن و هەقیقەت چەواشە دەکەن. ئەوەتا کاتێک لەم دوواییانەدا ئەمەریکا (USA) پێشوازیی لە پەنجاودوو جووتیاری ئەفەریقای باشوور کرد، لە ژیر ناوی ڕاکردووانی هێرشی بەردەوامی (ژینۆساید) ئاماژەیان پێ کرد. لە کاتێکدا ژینۆسایدە ڕاستەقینەکەی غەزە بە (خۆپاراستن) ناوزەند دەکەن. لەم سەردەمە تاریکەدا هەر ئاماژەیەک بە هیوا زۆر بەنرخە.
یەکێک لەو ئاماژانە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو لە (١٢/٥) بۆ فەسخی خۆی. ئەم بڕیارەش دوابەدوای ئەو نامە سەرئاوەڵایە بوو وا ڕێبەری زیندانیکراو عەبدوڵڵا ئۆجالان بڵاوی کردەوە. ئەو ڕێبەرەی زیاتر لە دوودەیەیە لە تورکیا بەند کراوە و دوور خراوەتەوە. دیارە پەکەکە لە ساڵی (١٩٧٨) وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی چەکداریی لە سنوورەکانی تورکیا، سووریا، ئێراق و ئێران درووست بووە. بەڵام لە نەوەتەکاندا دەستبەرداری ئامانجە سەرەکییەکەی خۆیان لە درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردییەوە بۆ خواستی ئیمتیازات و مافی سیاسیی و کەلتووریی لە نێو سنووری تورکیا بوون.
ئۆجالان لە زیندان خەریکی سەرقاڵبوون و قووڵبوونەوە بووە لە بواری فەلسەفە و سیاسەت، بە تەواویی خۆی لە خەباتی چەکداری دوور خستووەتەوە. لە ساڵانی (٢٠٠٠)ـدا پەکەکە سەرپاک وەک بزووتنەوەیەکی چەپی مۆدێرن بە جەختکردنەوە لە سەر فێمینیزم، ئیکۆلۆژیی و دیموکراتی ڕاستەوخۆ، گەشەی کردووە و پەرەی بە خۆی داوە.
ئەم خۆڕێکخستنەوە سیاسییەی پەکەکە، کاردانەوەی فراوانی لەگەڵ خۆی هانی، بۆ نموونە ساڵی (٢٠٢٢) لە ئێران لیشاوێکی بەرەنگاریی و ناڕەزایی لێ کەوتەوە، بە تایبەت پاش ئەوەی (مەهسا ئەمینیی)، ئەو کچە کوردە بیستودوو ساڵەی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە کوژرا، تەنیا لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی (گونجاو) حیجابی نەپۆشیبوو. خۆنیشاندەران تێکۆشان و ناڕەزاییان خۆیان دژی چەوساندنەوەی ڕەگەزیی، داسەپاندنی ئایینیی و تیرۆری دەوڵەت، لە ژێر درووشمی ژن، ژیان ئازادیی کۆ کردبوەوە.
هەڵبەت ئێران سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوای پێشکەوتوو نییە، هەر لەبەر ئەوە خودی ئەم بزووتنەوەیە تەواو جیاوازە لە بزووتنەوەی (Me-too) کە لە ئەوروپا بەڕێوە چوو. خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران ملیۆنەها ژنی ئاسایی گرتەوە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە تێکۆشان و خەبات بۆ ئازادیی هەمووانەوە هەبوو، تەنانەت ئازادیی بۆ پیاوانیش. لەم خەبات تێکۆشانەدا هیچ مەیلێکی دژە ماسکولێن و نێرگەرایی لەگۆڕێ نەبوو، ئەمەش ئاماژەیەکە و زیاتر دۆخی فێمینیزمی خۆرئاوایی پێ دەناسرێتەوە، بەڵکوو لەم خەباتەدا ژن و پیاو شانەوشانی یەک بەرانبەر یەک دوژمن تێدەکۆشان، ئەو دوژمنەش فێندەمێتاڵیزمی ئایینیی ژێر سایەی تیرۆری دەوڵەت بوو. هەربۆیە ئەو پیاوانەی لە خەباتی ژن، ژن، ئازادییدا تێدەکۆشان، دەیانزانی تێکۆشان بۆ ئازادیی و مافی ژن، واتە تێکۆشان بۆ ئازادیی خۆشیان. تەنانەت ئەو خۆنیشاندارانەشی کورد نەبوون، لەوە تێگەیشتبوون کە سۆڵیدارێتیی و هاوپشتیی لەگەڵ کورد، تاکە چارەیە بۆ گەیشتن بە ئازادیی لە ئێران. خۆنیشاندەرە ئێرانییەکان ئەوەیان کرد وا چەپەکانی خۆرئاوا خەونی پێوە دەبینین، ئەویش خۆقوتارکردن و خۆلادان لەوەی بکەونە نێو تەڵەی فێمێنیزمی چینی ناوەڕاست، بەو مانایەی توانیان خێرا و دەستەبەجێ بەرخۆدانی ئازادیی ژن بە تێکۆشان دژ بە چەوساندنەوەی ڕەگەزیی، فێندەمێنتاڵیزمی ئاینیی و تیرۆری دەوڵەتەوە گرێ بدەن.
دیارە ئەوەیش دەزانین کە ڕەخنەگران ئەوە دووپات دەکەنەوە گوایە پەکەکە ڕابردوویەکی توندوتیژی هەیە. ئەمە لە کاتێکدا پەکەکە تەنیا پابەندی یاسا و ڕێسا گشتییەکانی بەرخودان و بەرگرییە. بە مانایەکی تر بۆ ئەوەی بە جدیی وەک بزووتنەوەیەک هەژمار بکرێت، ئەوا گەرەکە بە زەبری چەک هەڕەشە بکەیت. لەمبارەیەشەوە میدیاکان خەباتی (ANC) بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە باشووری ئەفەریقا و ناڕەزاییە ئاشتیخوازەکانی مارتن لوسەر کینگ لە ئەمەریکا بە نموونە دەهێننەوە و بەرباسی دەدەن. لە کاتێکدا لە هەردوو دۆخەکەدا پێشکەوتن و سەرکەوتنی دانوستانەکان پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە دەسەڵات لەو توندوتیژییە ترساوە کە خودی ئەم بزووتنەوانە وەک باڵی ڕادیکاڵی (ANC)، یان گرووپە ملیتارە ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا توانیویانە و لەباریان بووە ئەنجامی بدەن.
هەڵبەت بۆ بینەرانی وڵاتانی خۆرئاوا شتێکی سەیرە کاتێك دەبینن بزووتنەوەیەکی ئاوا مۆدێڕن کوردستانی تەنیوە- کوردستان وەک ئەو شوێنەی زۆر کەڕەت لە وێنای کاریکاتێریی دوژمنایەتیی و خێڵەکیی، کەلتووری شەرەف و خورافاتدا کورت کراوەتەوە، وەک ئەویتری بەربەریی بەرانبەر شارستانێتیی ئەورووپایی. ئەمە لە کاتێكدا ڕێک بە پێچەوانەوە، بەشە کوردییەکانی تورکیا زیندووترین بەشی تورکیان، بەشی عەلمانیی و فێمینیست و سیاسیی زیندووی وڵاتەکەن. کاتێک ترامپ کوردەکانی لە باکووری سووریا نائومێد و دەستخەڕۆ کرد بەوەی ڕێی بە تورکیا دا هێرش بکاتە سەریان، خۆی واتەنی؛ (کوردەکان فریشتە نین)، مسۆگەر ئەم قسەیە فرەتر خۆی دەگرێتەوە تا کوردەکان، چونکە لە چاوی ئەوەوە تەنیا ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودییە فریشتەن، بەڵام بە مانایەکی تر، کوردەکان تاکە فریشتەی ئەو ناوچەیەی جیهانن.
قەدەری کوردان خۆی لە گەمەی جیۆپۆڵەتیکی کۆڵۆنییدا دەیانکات بە قوربانییەکی نموونەیی، چونکە بە سەر چوار دەوڵەتی درواسێدا دابەش کراون: (ئێران، ئێراق، سووریا و تورکیا)، سەربەخۆیی کورد بۆ هیچ یەکێك لەم دەوڵەتانە بابەتێکی خوازراو نییە، هەر بۆیە بەردەوام باجێکی گەورەیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان داوە.
داخۆ بیرمانە کاتێک ڕژێمی سەدام لە نەوەدەکاندا چۆن کوردانی باشووری کیماباران دەکرد و کۆمەڵکوژی دەکردن؟ یان گەمە ستراتیژییەکەی تورکیا لە کاتی جەنگی داعشدا؟ کاتێك بە شێوەکی فەرمیی شەڕ دژی داعش دەکرا، کەچی لەملاوە بە شێوەیەکی پراکتیکیی بۆمبارانی کوردەکان دەکرا، ئەو کوردانەی بە ڕاستیی دژی داعش دەجەنگان.
ئایا هەر بە ڕاست سەیر نییە بەشێکی بەهێزی هێزەکانی کورد (پێشمەرگە) پێشمەرگە، کە مانای وەسانەوەیە لە پێش مەرگدا، ژن بوون، ئەو ژنانەی بوون بە ئەفسانەی نیشانەشکێن؟
لەم ساڵانەی دواییدا کوردان سەلماندیان دەتوانن بە شێوەیەکی جیاواز کۆمەڵگە بەڕێوە بەرن و خۆیان ڕێك بخەن، هەر کاتێك تۆزێک هەناسەیان وەبەر هاتبێت لە دەست ئەو دەوڵەتە ستەمکارانەی لەژێر چەپۆکیاندان، ئەوا توانیویانە دنیا سەرسامی خۆیان بکەن. نموونەیش بۆ ئەم قسەیە، ئەوەتا پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، هەرێمی کوردستان لە باکووری ئێراق بووە بە دڵنیاترین و ئاسایشترین بەشی وڵاتەکە، هەر ئەمەش نا، بەڵکوو چەند دامەزراوەی کارپێکراویشیان هەیە، ئەمە جگە لە بوونی فڕۆکەخانە و فڕینی فڕۆکە بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ ئەورووپا.
باکووری سووریاش (ڕۆژئاوا) لە گێژاوی جیۆپۆڵیتیکی ئێستادا بووە شوێنێکی نموونەیی، کاتێک کوردەکان بە شێوەیەکی کاتیی توانیان هەناسەی ئازادیی هەڵمژن، ئەوا دەستبەجێ کۆمەڵگەیەکیان پێکەوە نا، کۆمەڵگەیەک، کە هیچ ناوێکی تری نییە جگە لەوەی بێژین؛ (یۆتۆپیای ڕاستەقینە بوونی هەیە). کاتێك چەند جارێك منیان بانگهێشت کرد تا لەوێندەر وانە بڵێمەوە، ژینگەیەکی مەعریفیی گەشەی دەسەند- ئەمە شتێک بوو بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بە هۆی ئاژاوە سەربازییەکانەوە بەردەوامی نەبوو.
بەڵام لە کاردانەوەی (هاوکارە خۆرئاواییەکانم) زۆر نیگەرانم، ئەوان خۆیان بەوە نیگەران کردبوو گوایە کوردەکان بەرانبەر پاراستنی خۆیان هاوکاریی سوپای ئەمەریکایان کردووە. ئەی داخۆ کوردەکان چییان بکرادیە؟ لە کاتێکدا کوردەکان لە لایەکەوە لە نێوان تورکیا و شەڕی ناوخۆیی سووریا، لە لایەکی تریشەوە بە دەستی داڕمانی ئێراق و هەڕەشەی ئێرانەوە گیریان خواردووە، خۆیان بکردایاتە قوربانی قەسابخانەی هاوپشتیی دژەئیمپرالیستیی؟
هەربۆیە ئەرکی سەرشانی هەموومانە پشتگیریی خەباتی کوردەکان بکەین و ڕوون و ڕەوان ئەو گەمە قێزەونەی دەسەڵات و هەژموونی خۆرئاوا مەحکوم بکەین وا بەرانبەری کوردان دەنوێنن. لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچەکە هێدی هێدی بە نێو بەربەریەتێکی نوێدا ڕۆ دەچن، ئەوا ئەوان تاکە هیوا و ڕووناکیین. بێگومان ئەمە تەنیا کورد ناگرێتەوە، بەڵكوو هەموومان دەگرێتەوە، چونکە دەکەوێتە سەر ئەوەی چ جۆرە نەزمێکی گلۆباڵ بەرەو درووستبوون دەچێت. گەر کوردان دەستخەڕۆ بکرێن، ئەوا نەزمێکی نوێ دێتە کایەوە کە بە هیچ جۆرێک جێی میرات و کەلەپووری بەنرخ و بەهاداری ئازادیی ئەورووپای تێدا نابێتەوە.
ئەو ئەورووپایەی چاو لە کوردان غافڵ دەکات، بەر لە هەموو شتێک خۆی بە خۆی نائومێد دەکات. ئەو ئەورووپایەی کوردان دەستخەڕۆ و نائومێد دەکات، ئەوا دەبێتە ئەورووپاستان.
عەبدوڵڵا ئۆجالان؛ نیڵسۆن ماندێلای ئەم سەردەمەی ئێمەیە. پێشنیارەکەی بۆ فەسخی پەکەکە کارێکی بوێرانەیە بۆ دانوستانی ئاشتیی. لێرەدا جێی خۆیەتی ناوی مەروان بەرغووتیی بێنین، ئەویش ماندێلای فەلەستینە. ئەو زیاتر لە دوو دەیەیە لە زیندانەکانی ئیسرائیڵدایە.
ئێستا ئیتر دەوەستێتە سەر ئەوەی داخۆ حکومەتی تورکیی چۆن وەڵامێکی باوەڕهێن بۆ ئەم ئاماژەیە بۆ ئاشتیی دەداتەوە؟ هەربۆیە ئێستا پێویستە فشارێکی نێودەوڵەتیی لە تورکیا بکرێت و ئەرکی هەموومانە بەشداریی لەم فشارەدا بکەین.
سەرچاوە: گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە