دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ئەڵمانیا زیاتر لە شەش هەزار پەنابەری دیپۆرتكردونەتەوە.
ئاوێنە: دەزگای لوتكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەڵمانیا بەشێوەیەكی چڕ بەردەوامە لە دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەیەکی نائاسایی پەنابەران لەلایەن ئەو وڵاتەوە دیپۆرتكراونەتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا شەش هەزار و 151 کەس لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی دەزگای لوتکە، 157 عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە بۆ عێراق، پێنج کەسیش بۆ ئێران و هەروەها نزیکەی 1700 لەو دیپۆرتکردنانە بەناوی "گواستنەوەی دبلن" بون، واتە دیپۆرتکردنەوەکان بۆ وڵاتێکی تری ئەوروپی بوە کە بەرپرسیارە لە داوای مافی پەنابەری بەپێی ڕێکگەوتنی دبلن.
هەر بە بەپێی بەدواداچونەکانی دەزگای لوتکە لە چارەکی یەکەمدا دیپۆرتکردنەوەی زۆرترین پەناخواز بۆ تورکیا، جۆرجیا، فەرەنسا، ئیسپانیا و سربیا بوە.
لە ڕێسای دبلن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان لە یەکێتی ئەوروپادا هاتوە کە پەنابەران دەبێت داواکاری پەنابەری خۆیان لە یەکەم وڵاتی یەکێتی ئەوروپا پێشکەش بکەن کە دەچنە ناو یەکێتی ئەوروپا.
بەپێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دیپۆرتکردنەوەکان لە ڕێگەی گەشتە گرانبەهاکانی چارتەرەوە ئەنجامدراون. دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بۆ پاکستان بە تایبەتی تێچوی زۆری هەبوە و 462 هەزار یۆرۆی تێچوە. تێچووی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەسیوپیا 418 هەزار یۆرۆ بوە و بۆ نەیجیریا و غانا و کامیرۆن 380 هەزار یۆرۆ بوە. لە زۆرێک لەم گەشتانەدا، دەزگای سنوری ئەوروپی فرۆنتێکس تێچوی لە ئەستۆ گرتوە.
هەر بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە زۆر حاڵەتی دیپۆرتکردنەوە هەبووە کە تێیدا پۆلیس "بە شێوەیەکی دڕندانە و بەبێ هیچ بەزەیییەک" مامەڵەی کردوە لەوانە جیاكردنەوەی خێزانەکان یان نەخۆشەکان كە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نەخۆشخانە دەردەهێنرێن و دەبرێنە گەشتی دیپۆرتکردنەوە.