ئا: عەمار عەزیز
سەڕەرای بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لەبارەی چەک دانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی، بەڵام یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال "یەبەشە" دەڵێن "ئێمە چەک دانانێنو بەرگری لەخاکو خەڵکی شنگال دەکەین".
یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، لەسەروبەندی کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال لەژێردەستی چەکدارانی داعشو لەساڵی ٢٠١٥دا لەخەڵکی ناوچەکە پێکھێنراوە، کە زۆربەیان ئێزیدیین، لەسایەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا کاردەکەن، ئەو ئەنجومەنەش بەنزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) دادەنرێت .
غەزال رەشۆ، ھەڤسەرۆکی پێشووی بەرێوەبەری خۆسەر، کە ئێستا لەبەشی پەیوەندییەکانە لەبەرێوەبەری خۆسەر لەناوەندی شنگال، بە ئاوێنەی وت "بڕیارەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان ھەنگاوێکی مێژووییەو ھەموومان پێی دڵخۆش بووین، بەڵام بڕیارەکە ئێمە ناگرێتەوە، چونکە ئێمە سەر بەپەکەکە نین، ئەم ھێزە لەکوڕو کچانی ئێزیدی لەدوای فەرمانەکەی ٢٠١٤ پێکھێنراوە، بەئامانجی پاراستنو بەرگریکردن لەخاکو خەڵکی شنگال، لێرەوە داوا لەحکومەتی عیراق دەکەین ئەم ھێزە بکاتە رەسمی وەکو ھەر ھێزێکی تر".
رەشۆ وتیشی "ئێمە چەک دانانێن تا ھیچ قڕکردنو فەرمانێکی تر بەسەر گەلی ئێمەدا نەیەت، ئەگەر ئێمە چەک دابنێین ئەوا ھەڵێکی باش بۆ دوژمنانمان دروست دەبێت تا جارێکی تر ھێرش بکەنە سەر خاکی شنگال، ئەو چەکەی کە ھەڵمانگرتووە بۆ دژایەتی دەوڵەت نییە، تەنیا لەبەرامبەر داعش چەکمان هەڵگرتو ئێستاش ھەر بەو چەکەیە میللەتی خۆمان دەپارێزین".
بەپێی رێککەوتنی شنگال، کە لەکوتایی ٢٠١٩دا بۆ بەرێوەبردنی شنگال لەنێوان حکومەتی عێراقو ھەرێمی کورستان واژۆ کرا، دەبێت ھەموو ھێزەکان لەوانەش یەبەشە لەناوەندی شنگال بکشێنەوەو پۆلیس دۆسیەی ئەمنی بگرێتە ئەستۆ.
رەشۆ وتی "ھێزەکانمان لەناوەندی شارەکاندا نەماون، کە بەداخەوە تا ئێستا ھەندێک ھێز لەناوەندی شاردان، ھێزەکانی ئێمە لەدەوروبەری شاردا جێگیرکراون، ئێستاش قەزای شنگالو دەوروبەری ئارامەو لەژێر کۆنتروڵی ھێزە ئەمنیەکاندایەو ئەو قسانەی دەکرێن لەسەر دۆخی ئەمنی قەزایەکە کە ئارام نیە ھەڵەیە، بەپێچەوانەوە شنگال ئارامە ".
بەپێی ئامارەکان ھێشتا ١٨٨ ھەزارو ٩٤٤ ئاوارە لەسنوری پارێزگای دھۆکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ماون، کە ١٣٥ ھەزارو ٦١٦ ئاوارە لەکەمپەکان دابەشبون بەسەر ٢٧ ھەزارو ٦٩ خێزاندا، مانەوەی ئەو رێژە زۆرەیە یەکێک لەھۆکارەکان بوونی ژمارەیەکی زۆر لەھێزی چەکدارە لەسنوری قەزای شنگال.
پیر دەیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچو کۆچبەرانو وەڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بەحکومەتی ھەرێم لەدھۆک بەئاوێنەی وت "نزیکدەبینەوە لە ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان کە لەئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجام درا، تا ئێستا لەسەدا ٧٠ ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش لەبەر سێ ھۆکاری سەرەکی یەکەم بوونی ژمارەیەکی زۆر لەھێزی ناشەرعی لەشنگال، دووەم کەمی خزمەتگۆزاریی، سێیەم کەمی ھەلی کار ".
عەجاج ئەسلان، نزیکەی ١١ ساڵە لەشنگالەوە ئاوارەیی ھەرێمی کوردستان بووە، ئەو ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەقسەی خۆی بوونی ژمارەیەک ھێزی ناشەرعی ھۆکارێکە بۆ نەگەڕانەوەیان، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر ھۆکار ھەن کە ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، یەکێکیان ئەوەیە کۆمەڵێک ھێزی چەکدار لەقەزاکەدا ھەن، ئەمە جۆرێک لەترسی لای خەڵک دروست کردوە کە نەگەرێتەوە".
وتیشی "ھیچ کەسێک حەزی لەژیانی ئاوارەییو ژێر خێوەت نیە، چونکە ژیان لەژێر خێوەتدا یەکجار قورسو ناخۆشە، بەڵام بڕواناکەم تا ئەو ھێزانە لەوێ بن ئاوارەکان بگەڕێنەوە".
لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٣دا، فەھد حامد، قایمقامی ناوەندی شنگال بەوەکالەت وازی لەپۆستەکەی ھێنا، لەوکاتەوە تا ئێستا قەزاکە لەبۆشایی کارگێریدایەو قایمقامی نییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەتەموزی هەمان ساڵدا ئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا، سەرۆکی هەموو یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکەی ھەڵبژارد، لەنێویاندا قایمقامی قەزای شنگال، بەڵام بەھۆی ناکۆکیو ململانێی نێوان حزبو لایەنەکان تا ئێستا دەستبەکار نەبووە.
جەلال خەڵەف، کە ئێستا پۆستی بەرێوەبەری کارگێرییە لەقایمقامیەتی ناوەندی شنگال، بەئاوێنەی وت "زیاتر لە دوو ساڵە ناوەندی شنگال بێ قایمقامەو هیچ ئاسۆیەکیش بەدیناکرێت بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە".
لەبارەی دانانی چەک لەلایەن یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، خەڵەف وتی "تا ئێستا یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) چەکیان دانەناوەو ھەر لەشوێنەکانی خۆیانن، ئەوان دەڵێن ئێمە پەیوەستین بەڕۆژئاواو فەرماندە مەزڵوم کۆبانی، جارێ دیار نیە کە ئایا ھەڵویستی ئەوان لەبارەی چەک دانان لەڕۆژئاوا چۆن دەبێت ".
خەڵەف ئەوەشی نەشاردەوە کە "ھەندێکجار ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی یەبەشە لەگەڵ سوپای عێراقو دەزگا ئەمنیەکانی شنگال ڕوودەدات، ئەمەش ھەندێکجار ناڕەحەتی لای خەڵک دروست دەکات، بەڵام ئێستا دۆخی قەزاکە ئارامەو لەژێر کونترولی ھێزە ئەمنیەکانی عێراقدایە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات