عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دانوستانەكانیاندا لەگەڵ ئەمریكا هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر وڵاتەكە بەڵام بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری مافەكانیان نابن كە یەكێك لەوانە پیتاندنی یۆرانیۆمە.
ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران كۆبوەوە.
لەدوای كۆبونەوەكە عراقچی وتی، لەو كۆبونەوەیەدا رونكردنەوەمان لەبارەی دوایین گەڕی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا دا.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە جەخت كردنەوە لەسەر ئەوەی كە دانوستان "شەڕی ئیرادەكانە" وتی، سەرەنجامی دانوستانەكان كاتێك دیار دەبێت كە مافەكانی خەڵكی ئێران گەرەنتی بكرێن.
هەروەها لەبارەی هەندێك هەواڵ كە باس لەوە دەكەن دانوستانەكان تاوەكو هاوینی ئەمساڵ بەردەوام دەبن، عراقچی وتی، هەمو ئەمانە قسەوباسن، ئێمە هیچ پەلەمان نییە و ناشبینە هۆكاری دواكەوتن و بۆ ئەوەی یەك خولەك زوتر سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن، هیچ درێغییەك ناكەین و هەوڵی خۆمان دەدەین بەڵام لەسەر حسابی دەستبەرداربون لە مافی خەڵكی ئێران نا كە یەكێك لەوانە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمەو هەڵوێستی ئێران لەوبارەیەوە رونە..
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گەڕی داهاتوی دانوستانەكان وتی، هێشتا كات و شوێن بۆ ئەوە دیاری نەكراوە.