ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، دو تۆمەتباریان دەستگیركردون كە بە نیازی فرۆشتن و ساغكردنەوەی سەماعەی قۆپیكردن بون.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان دوای بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، هەوڵێکی فرۆشتنی سەماعەی قوپیکردنیان بەشێوازی فرۆشتنی ئۆنلاین شکست پێهێناو دو تۆمەتبارییان دەستیگركرد کە بەنیازبون ئامێرەکانیان بفرۆشن و ساغیان بکەنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بۆ ڕێگریکردن لەهەر هەوڵێکی مامەڵەکردن بە (ئامێرەکانی قۆپیەکردن و پرسیاری ئەزمونەکان) بەردەوامە، بەمەبەستی فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.