ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی فشارە سەربازییەکان بۆ سەر حەماس دوای وەڵامدانەوەی حەماس بۆ پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا. بەگوێرەی میدیاكانی ئەو وڵاتەش ئیسرائیل فشارە سەربازییەكان لە باكوری غەززە توندتر دەكات، هەروەها گۆڕانکاریی دیکەش لەبارەی بە هاوکارییە مرۆییەکانەوە دەكات.
ئاوێنە: دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، سوپای وڵاتەكەیان خۆی ئامادە دەکات بۆ چڕکردنەوەی فشارە سەربازییەکان لە سەر حەماس، بە ئامانجی کاریگەری دانان لەسەر هەڵوێستەکانی بزوتنەوەکە لە دانوستانەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە هەیە لە چوارچێوەی کەرتی غەززەدا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هەڵکشانی سەربازیی ئیسرائیل لە دژی حەماس بە تایبەتی لە باکوری کەرتی غەززە توند دەبێت. هەروەها جگە لە چالاکییە سەربازییەکان، ڕەنگە گۆڕانکاریی دیکەش هەبێت سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان، بەتایبەتی هاتنە ژورەوەی بارهەڵگرەکانی خۆراک و کردنەوەی خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردوەتەوە، گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی خۆراک "کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر حەماس هەیە".
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستەكانی ڕێككەوتنی غەززە بە دەستەكەی ڕاگەیاندوە، فشارەكانی نێوەندگیرەكان بەردەوامە بۆ گۆڕینی هەڵوێستی حەماس، هەم فشاری ئەمریكا بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە بەمەبەستی قبوڵكردنی هەندێك لە تێبینیەكانی حەماس.
ئەوە لەكاتێكدایە دوێنی شەممە بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ڕەزامەندن لەسەر دوایین پێشنیاری ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی ئازاكردنی 10 بارمتەی زیندو لەگەڵ 18 تەمرم لە بەرامبەر ئازاكردنی ژمارەیەك زیندانی كە لەسەری ڕێككەوتون.