ڕۆژنامەی مەدا پەردەی لەسەر کۆبوونەوەیەکی نهێنیی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لادا
  2026-02-09       1332       

ڕۆژنامەی مەدای عێراقی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا پەردەی لەسەر کۆبوونەوەیەکی نهێنیی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لادا، کە شەوی ڕابردوو و پێش کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەنجامدراوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرکردە شیعەکان بە وردی تاوتوێی بژاردەکانی خۆیان کردووە لەبارەی پرسی دیاریکردنی بەربژێری داهاتوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، بژاردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستادا زۆر سنووردار بوونەتەوە. هێزە شیعەکان لەنێوان دوو ڕێگەدان؛ یەکەم پێشکەشکردنی بەربژێرێکی سازان وەک جێگرەوەی نوری مالیکی، دووەمیش پەنابردن بۆ بژاردەی بەردەوامبوونی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی وەک چارەسەرێکی کاتی. ئەم هەوڵانە بۆ دەربازبوونە لەو بنبەستەی کە بەهۆی پێداگریی دەوڵەتی یاسا لەسەر بەربژێرکردنی مالیکی دروستبووە.

سەرەڕای پێداگرییەکانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ناوی چەند کەسایەتییەک وەک جێگرەوەی مالیکی هاتوونەتە ناو باسەکان، لەوانە حەمید شەتر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری. هاوکات باس لەوە دەکرێت کە سودانی پاڵپشتی لە ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی دەکات بۆ ئەو پۆستە. ئەم پێشنیازەی دووەمیان توڕەیی نوری مالیکی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت کە عەوادی پێشتر لە حیزبی دەعوە جیابووەتەوە.

ڕۆژنامەی مەدا ئاشکرای کردووە، کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا و پێداگریی مالیکی، چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتووەتە ناو بنبەستێکی قووڵ، ئەمەش وایکردووە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای 8 مانگ کۆببێتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاز کراوە کە دەسەڵاتەکانی سوودانی لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە فراوان بکرێت. ئەم پێشنیازە لەلایەن بەشێک لە سەرکردە شیعەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کاتێکدا قەیس خەزعەلی و عەممار حەکیم کە دژی گەڕانەوەی مالیکین، لە دواین کۆبوونەوەی چوارچێوەکەدا ئامادە نەبوون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×