محهمهد حهنون، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی کردەوە کە عێراق عێراق نزیكهی 5 ملیۆن تۆن خۆراكی خهزنكراوی ههیه، كه دهبێته مایهی بەهێزکردن و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان. ئاماژەی بەوەش دا کە وەزارەت چاودێری بازاڕ دەکات و سزای یاسایی هەیە کە تاوەکو دو ساڵ زیندانیکردن دەخایەنێت دژی ئەو بازرگانانەی کە یاری بە نرخەکان دەکەن.
ئاوێنه: محهمهد حهنون، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رهسمی ههواڵهكانی عێراق رایگهیاند "ئەو بەشە خۆراکەی کە دابەشکراوە له چوارچێوەی سەبەتەیەکی خۆراکی تەواودایه کە زیاتر لە 41 ملیۆن هاوڵاتی دەگرێتەوە، جگە لەو خێزانانەی کە چاودێری کۆمەڵایەتی دهیانگرێتهوه".
ئهو وتیشی "لایەنی دووەمی ئەركی وەزارەت بریتییە لە بەدواداچون و چاودێریکردنی بازاڕ، لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان، بەتایبەت دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تێبینی باشتربون لە بازاڕەکاندا دەکرێت بەراورد بەو دۆخەی کە دو ڕۆژ پێش ئێستا هەبو".
ڕونیشی کردەوە کە "تیمە چاودێرییەکانی سەر بە وەزارەت بەدواداچون بۆ نرخەکان دەکەن و وردبینییان تێدا دەکەن لە بازاڕەکاندا و لەسەر بنەمای ئەو نرخانەی تۆمارکراون ڕوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر، جا چ بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک و خستنەڕوی ماددە خۆراکییەکان بێت لە بازاڕەکاندا، یان لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی ماددەکان لە ڕێگەی هایپەرمارکێتەکانهوه بێت".
ئهوهشی خستهڕو "وەزارەت لە ماوەی دو سێ ساڵی ڕابردودا توانیویەتی کۆنترۆڵی دۆخی خۆراک بکات، بەهۆی ئەوەی گهنجینهیهكی گەورەی ماددە خۆراکییەکانی هەیە." ئاشكراشیكرد کە "قەبارەی کۆگا و گهنجینه خۆراكییهكه دەگاتە 5 ملیۆن تۆن، سەرباری بەردەستبونی 4 بۆ 5 ماددەی خۆراکی تەواو".
جەختیشی کردەوە کە "ئاسایشی خۆراک بە پارێزراوی و بەدیهاتویی ماوەتەوە تەنانەت لە سایەی ئەو روداوانەشدا کە پەیوەندیدارن بە گەروی هورمزەوە، ئەوەش لهسایهی ئەو گهنجینهی گهورهیهی خۆراك و ئەو رێوشوێنانهی كه گیراونهتهبهر."
سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی کە دەگیرێنەبەر بەرامبەر ئەو بازرگانانەی کە بەکارهێنەر دەقۆزنەوە و یاری بە نرخەکان دەکەن، حەنون جەختی کردەوە کە "وەزارەت ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرێتەبەر کاتێک قۆستنەوە و سەرپێچییەكە بسەلمێنرێت"، و ڕونیشی کردەوە کە "ئهو سزایانهی له یاسادا دیاریکراون بریتین لە غەرامە و زیندانیکردن".
ئاماژەی بەوەش دا کە "ماوەی زیندانیکردنەکە ڕەنگە بگاتە ساڵێک یان دو ساڵ، بەپێی جۆری سەرپێچییەکە و بڕگە یاساییهكان."