کەشتیەک برنجی تایلەندی گەیشتە عێراق
  2026-02-09       432       

وەزارەتی بازرگانی عێراق گەیشتنی 42.500 تەن برنجی تایلەندی ڕاگەیاند، باسی لەوەشکرد، کەشتیەکە گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسر و نمونەی برنجەکە وەرگیراوە بۆ پشکنین.

ئاوێنە: لەما هاشم ئەلموسەوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی کەرەستەی خۆراک ڕایگەیاند: کەشتییەکی بارکراو بە برنجی تایلەندی گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسر، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی یەدەگی خۆراک و پشتگیریکردنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا.

باسی لەوەشکردووە: برنجەکە 42.500 تەنە و لە جۆری تایلەندییە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنی بارە برنجەکە.

موسەوی ئاماژەی بەوەشکردووە: تیمەکانی پشکنینی تاقیگەیی لە بەندەری ئوم قەسر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کۆنترۆڵی جۆری، نمونەی ستانداردیان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینە فیزیاییە سەرەتاییەکان، دواتر نمونەکان ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندی دەکرێن بۆ تەواوکردنی پشکنینە کیمیایی و بایۆلۆژییەکان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە گونجاوی بارەکە لەگەڵ مواسەفاتە ستانداردە پەسەندکراوەکان پێش وەرگرتنی فەرمی.

باسی لەوەشکرد: پڕۆسەی دابەشکردنی برنجەکە بەپێی پلانێکی تایبەت دەبێت کە لەلایەن بەشی بەبازاڕکردنەوە ئامادە کراوە، ئامانج لەم پلانە گەیاندنی برنجەکەیە بە هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×