ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کۆمەڵێک ڕێکاری سزایی دژی کەناڵێکی ئاسمانی گرتەبەر، ئەوەش "بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک کە تێیدا سووکایەتی بە ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆ کرابوو"، وەکوو دەستەکە دەیڵێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەیەکی دەستەکە بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی بەرنامەی (صوت الشعب - دەنگی گەل) بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ و قەدەغەکردنی دەرکەوتنی بێژەری بەرنامەکە (مەروە هاشم) لە میدیاکاندا بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ.
بەپێی قسەى دەستەکە، ئەم سزایانە وەک پەرچەکردارێک بووە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ (عەمید ئەحمەد جەواد) فەرماندەی بەشی فریاکەوتن لە ڕەسافە، کە لە بەرنامەکەدا هێرشی کرابووە سەر.
هەروەها دەستەکە کەناڵەکەی پابەند کردووە بە سڕینەوەی ئەڵقەکە لە تەواوی پلاتفۆرمەکان و داوای لێبوردنی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەو ئەفسەرە بکات.