هێزی ئاسمانیی عێراق ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرى گواستراوەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، ئەمەش دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە.
ئاوێنە: تۆڕى جانس کە بنکەکەی لە ئەمریکایە سەبارەت بە گواستنەوەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى هێرشبەرى عێراق بۆ بنکەى ئاسمانیى عێراق، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، عێراق فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دوورمەودای جۆری CH-5و “هاوام”ـى گواستووەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، کە توانای چاودێری و هێرشکردنی هەیە، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە کۆگاکان هەڵگیراون، کە پێشتر فڕۆکە ئەمریکییەکان لەناو بنکەکەدا بەکاریان دەهێنا.
ئاماژە بەوەش کراوە، گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە هێرشبەرە دوورمەوداکان بۆ بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد هاوکاتە لەگەڵ گواستنەوەی بەردەوامی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، هەروەها پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بەتایبەت لە پاشخانی ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێراندا، ئەمە جگە لە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە دژی عێراق.